سەدیق سەعید ڕواندزی

كاتێ بەرهەمێكی ئەدەبی، ڕەهەندێكی جیهانی وەردەگرێت و دەبێتە شاكار، ئەوا هەموو ئەو سنوورە جوگرافی ونەتەوەییانە تێ دەپەڕێنێت ولە بەرهەمێكی نەتەوەیی ، دەبێتە مرۆڤایەتی و دەشێ بە بەرهەمی هەموو نەتەوە و گەلێكی بزانین. دەشێ لێرەدا نموونە بە ڕۆمانی (دایك)ی مەكسیم گۆركێ بێنینەوە. ئەو ڕۆمانەی بۆتە سمبولێكی هەرە دیاری ئایكۆنی دایك ودەكرێ دایكانی هەموو جیهان، خۆیانی تێدا ببینەوە، چونكە مرۆڤ لە سەر باوەڕی هێز و بڕوابوون و خۆڕاگری پەروەردە دەكات. بۆیە كاتێ ناوی ڕۆمانی دایك دێت، گۆڕكێ وەك نووسەرێكی ڕووسی ناناسرێت، بەڵكو ئەو لە بنەڕەتدا هەڵگڕی شوناسێكی جیهانییە و لێرەوەش ئەم شاكارە هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتی مرۆڤایەتی  دەمێنێتەوە. لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا، زۆرجار لە میانەی وەرگێڕانی كتێبی نووسەرانی دنیا ، بەرهەمەكانیان وەك شاكارێك ودەقی زۆر پڕ ماناو جوان و بەهادار، بە خوێنەری كورد دەناسێنرێن، كە لە بنەڕەتدا مەرامێكی بازرگانی و كەسیان لە پشتە، چونكە كاتێ ئەو دەقانە دەخوێنینەوە، ئەوكات دەزانین ئەمانە نەك هەر بەرهەم و تێكستی پڕ مانا نین، بەڵكو وەرگێڕانیشیان هیچ خستنە سەرێك ناخاتە سەرخەرمانەی كتێبخانەی كوردی. هەر یەك لە ڕۆمانەكانی ( ژیان كورتە) كە یۆستان گاردەر نووسیویەتی و  مامۆستا (ڕێبوار سیوەیلی) وەریگێڕاوە، لەگەڵ ڕۆمانی ( نەخۆشی مەرگ) كە مارگرێت دۆڕاس نووسیویەتی و(كەریم تاقانە) وەریگێڕاوە، دوو لەو ڕۆمانە سادانەن، كە تەنانەت لە ڕووی بابەت و ڕووداویشەوە زۆر لە یەكتری نزیكن، چونكە بابەتەكانیان پەیوەندی بە خۆشەویستی و هاوسەرگیریی و سێكسەوە هەیە. ژیان كورتە، ناوەڕۆكەكەی باسی نامە گۆڕینەوەی  نێوان فلۆریا و ئیمیل دەكات، كە چۆن لە سۆنگەی هێز و باڵا دەستی و كاریگەریەتی كلێساوە، لە یەكتری جیا دەبنەوە و  پەیوەندیەكەیان بە ناكامی كۆتایی دێت و ئیدی دوای پەیوەندییەكە، لە ڕێگەی چەند نامەیەكەوە، ژنەكە بارودۆخی دەروونی و هەستی ژنێتی خۆی لە پەراوێزی عشقێكی ناكامەوە باس دەكات و دەگێڕێتەوە. نەخۆشی مەرگیش، دیسانەوە باسكردنە لە پیاوێك كە ئەوەندە تێنووی سێكسە لەگەڵ ژن، لە بە یانییەوە تا ئێوارە، بە دیار جەستە و لە شولاری ژنەكە دائەنیشێت و چێژ لە لەش وجەستەی وەردەگرێت جۆرێك لە ئاڵوودەیی سێكسی هەیە. ئەم دوو ڕۆمانە كورتە، كۆی ڕووداوەكانیان تەنێ ئەو بابەتانەیە كە باسمان كرد، بگرە لە ڕۆمانی ژیان كورتە، یەك ئامۆژگاریی و ڕێنماییشی تێدا نەبوو، كە بشێ خوێنەر سوودی لێ ببینێت و بیكاتە نەخشە ڕێگایەك بۆ ژیانی خۆی، ئەوەی ڕۆمانەكەی دیكەش بە هەمان شێوەیە. وێرای ئەمەش لە ڕۆمانی نەخۆشی مەرگدا، كە كەریم تاقانە وەریگێڕاوە، بە درێژایی ڕۆمانەكە لە بری وشەی (پیاو)، (پیاوە)ی نووسیوە كە ئەمە یەكجار هەڵەیە لە زمانی كوردیدا، چونكە ئامرازی (ە) زۆرجار دەبێتە گۆڕینی سەرلەبەری مانای وشەیەك و ئەوانەی لە زمانی كوردی شارەزا نین درك بەو وردەكارییە ناكەن. بۆ نموونە: ئێمە دكتۆر بۆ ڕەگەزی نێر بە كار دێنین، بەڵام دكتۆرە بۆ ڕەگەزی مێ، وشەی سووك، وشەیەكی زبر و ناقۆڵاو نەگونجاوە، بەڵام سوكەڵە، وشەیەكی زۆر ئاسایی و ستایشكارانەیە و گوزارشت لە چووست وچاڵاكی دەكات. بۆیە لە وەرگێڕاندا، دەبێ ڕەچاوی تایبتمەندییە زمانەوانییەكانی هەر نەتەوەیەك بكرێت، بە تایبەتیش زمانی كوردی، كە زمانێكی یەكجار دەوڵەمەندو بە برشتە و تەنها گۆڕینی پیتێك، مانای وشەكە سەرلەبەری دەگۆڕێت.

 

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی هەولێر ژمارە(4774) لە 27/1/202 بڵاوكراوەتەوە.