
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
گوڵەژاکاوەکان و ..چاوەڕوانی)(١)؛ کورتەچیرۆکێکی بەکۆمەڵێ کۆد و هێما دەورەدراوی چیرۆکنووس ڕەئووف حەسەنە و لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩دا نووسراوە. چیرۆکنووس لەم دەقە ئەدەبییەدا، هەردوو شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گێڕانەوەی تێکەڵ کردووە. بەمەش لەلایەکەوە خوێنەری لە چاوەڕوانیدا نەهێشتۆتەوە و هەورەها لەلایەکی تریشەوە بە بەکارهێنانی هێما، جارێکی تر پەیامی کۆمەڵایەتی دەقەکە ڕووبەڕووی جۆرە ڵێڵییەک دەکات و مەبەستەکە بە ئەتمۆسفیرێکی تەمومژاوی دەسپێرێت. ناوەڕۆکی چیرۆکەکە بۆ هەر خوێنەرێک کە ئاشنای مێژووی سیاسی عێراق بێت، نامۆ نییە و دەزانێت شاعیر لە چ گۆشەنیگا و تێڕوانینێکەوە دەیەوێت ئاشنامان بکات بەو مێژووەی کە بەشێکمان لەنزیکەوە شاهیدی ڕووداوەکانی بووین.
ڕەئووف حەسەن لەم چیرۆکەدا بە تەکنیکێکی گونجاو(گێڕانەوە لەناو گێڕانەوەدا) مێژووی کارەکتەرێکی نێو بزووتنەوەی سیاسی عێراق، (حیزبی شیوعی عێراق)مان بۆ دەگێڕێتەوە. گێڕانەوەکەشی چەند ئاستێکی زەمەنیی جیاواز لەخۆ دەگرێت. ئاستی یەکەم لە سەردەمی زێڕینەوە (١٩٥٨)وە دەست پێدەکات.
(دەڵێن: لە بەرەبەیانێکی هاوینی ساڵی ١٩٥٨دا کیژۆڵەیەکی شۆخ و نازدار بە باوەشێ گوڵی ڕەنگاوڕەنگەوە لەبەردەمی مزگەوتی گەورەدا بینراوە گوڵ و زەردەخەنەی بەناو کرێکارەکانی ئەو گوزەرەدا بەخشیوەتەوە.)(٢)
لێرەدا مەبەست لە بەرەبەیانی هاوێنی ساڵی ١٩٥٨، ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوورییە گرنگە بوو لە عێراق کە کۆتایی بە ڕژێمی پاشایەتی هێنا و حکومەتێکی کۆماریی لە جێگەی دامەزراند. لەو ئاڵوگۆرە نیمچە ڕیشەییەدا، کرێکاران و جووتیاران و خەڵکی ستەمدیدەی عێراق لە کۆمەڵێ ماف و دەستکەوت بەهرەمەند بوون. لەو نێوەشدا بۆ هێزە سیاسییەکان بەتایبەتیش بۆ حیزبی شیوعی عێراقی، بە سەردەمی زێڕینی ئەو حیزبە دێتە ئەژمار. کیژۆڵەکەش هێمایە بۆ خەباتی ئەو حیزبە لە گۆڕەپانی سیاسیدا. ئەم دەرکەوتنەی کیژۆڵەکە لە چوار ساڵی دواتردا و لەهەمان شوێندا ئاماژەیە بە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و باڵادەستی هێزە پێشکەوتووخوازەکانی ئەو سەردەمەی عێراق.
دەڵێن: چوار هاوینی تریش لەهەمان بەرەبەیان و هەمان شوێندا کرێکارەکان چاوەڕوانیان کردووە و لەگەڵ شۆخە نازدارەکەدا یەکتریان گوڵباران کردووە .. دوای ئەوە ئیتر ئەو بێ سەروشوێن بووە و ئەمانیش گیرۆدەی زەردەخەنە و کۆشە گوڵی بوون و وێڵی سۆراخی.(٣)
ئەم چوار ساڵە ماوەی نێوان (١٩٥٨ تا ١٩٦٢) دەگرێتەوە. دوای ئەو مێژووە و بەتایبەتیش لە کودەتا ڕەشەکەی(٨ ی شوباتی ١٩٦٣) ئەم حیزبە و بزووتنەوەی کرێکاران لە عێراق دووچاری خوێناویترین چارەنووس دەبنەوە و کیژۆڵەکەش لە بەردەم مزگەوتی گەورەدا نابینرێت. ساڵی ١٩٧٠ جارێکی تر بەهۆی دۆخی سیاسی کوردستانی عێراقەوە (بەیاننامەی یانزەی ئاداری ١٩٧٠ تا ١٩٧٤) کیژۆڵەکە دەردەکەوێتەوە.
(هەروەها دەڵێن: لە بەرەبەیانێکی بەهاری ١٩٧٠ جارێکی تر، کیژۆڵە شۆخ و دڵفڕێنەکە بە چەپکە نێرگزەوە هاتۆتەوە و نێرگزبارانی کردوون.)(٤)
ئەمجارەش کیژۆڵەکە چوار ساڵ لەسەریەک نێرگزبارانیان دەکات و ئیتر جارێکی تر ون دەبێت. دواجار چیرۆکنووس بەم دێڕانە گوزارشت لە دەرکەوتنی کیژۆڵەکە دەکات: (لەم ڕۆژانەشدا قاو بڵاوە کە لە بەرەبەیانێکی تۆف و شوومی ئەم ساڵیشدا.. لەهەمان شوێن..ئافرەتێکی ڕەقەڵەی باڵابەرز..بە بێ کۆشە گوڵ و بە لێوبەباری یەوە و بە نهێنی بینراوە.)(٥) نیشاندانی ئەم ئاستانەی زەمەن (هەلومەرجی سیاسی جیاواز) لە چیرۆکەکە، ئاماژەن بە هەلومەرجی سیاسی جیاجیای عێراق و کوردستان کە ڕۆڵیان هەبووە لە دیاریکردنی شێواز و چوارچێوەی چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسی.
مزگەوتی گەورە و حیکایەتی کیژۆڵەکە
ڕەئووف حەسەنی چیرۆکنووس زیرەکانە مزگەوتی گەورەی وەک دەبڵ ئاماژە بەکارهێناوە. جارێک وەک ڕووخساری کۆنەپەرستیی و جارێکی تریش وەک ڕووخساری شوێنی کۆبوونەوەی کرێکاران. هاتنی کیژۆڵەکە بۆ بەردەم مزگەوتی گەورە دوو ئامانجی لەپشتە. یەک؛ ڕوو بە کرێکاران و هاتنە ناو کرێکاران. چونکە سیاسەتی کیژۆڵەکە سیاسەتێک بووە نزیکایەتی لەگەڵ چینی کرێکاری عێراقدا هەبووە. دوو؛ وەک جەمسەری ڕووبەڕووبوونەوە دژ بە تێڕوانینی کۆنەپەرستی و کلتووری دواکەوتوویی کۆمەڵگە. بۆیە نیشاندانی کیژۆڵەکە و خۆ ڕووتکردنەوەی لەبەردەم مزگەوتی گەورەدا وەک هێمای تەحەدا چاو لێدەکرێت.
(دەڵێن: ئیمامی مزگەوتی گەورەش .. دوا بەدوای نوێژی بەیانی ..بە ئەهلی جەماعەتی ڕاگەیاند کە: ئەو ئافرەتەی لەم شارەدا شوێنی نەدۆزیوەتەوە چاوباشقەڵی تێدا بکات، بەردەم ئەم مزگەوتە نەبێ، ئافرەتێکی غەیرە دینە و تا خۆتان دوورەپەرێز بگرن لێی ئیمانتان قایمتر دەبێ.)(٦)
لەگەڵ پتەوبوونی هۆگری کرێکارانی گوزەرەکە بە کیژۆڵە شۆخ و شەنگەکە، واتە لەگەڵ پتەوبوونی کرێکاران بە سیاسەتی حیزبی شیوعییەوە، بڵندگۆی مزگەوتەکانیش ڕوونتر دژایەتییەکانیان بەڕووی ئەو سیاسەتە ڕاگەیاندووە.
(دەڵێن هەر ئەو بەیانیە بە ئەهلی جەماعەت ڕاگەێنراوە کە: ئەو ئافرەتەی لەبەردەمی ئەم مزگەوتەدا خۆی ڕووت کردۆتەوە .. سۆزانی یە و هاتوە لە دین وەرمان بگێڕێ.. کە لە قاپی مزگەوت چوونە دەرەوە لەگەڵ شەیتاندا بەلەعنەتی کەن و سەری خۆتان داخەن و ئاوڕی لێ مەدەنەوە.. هەر کەسێکیش ناوی برد و باسی کرد ئەویش بە لەعنەت کەن و سڵاواتی خۆتان بدەن و بڵێن: خوایە لە شەڕی شیتان و بەڵای ناگەهان و فیتنەی ئاخر زەمان بەدوورمان خەیت.)(٧)
ئەم ستەیتمێنتە، جەوهەری بۆرژوازی و کۆنەپەرستییە دەرهەق بە کۆمۆنیزم و سیاسەتی شۆڕشگێرانەی کرێکاران کە هیج شوێنکاتێک ناناسێت و ئامانجی لێدان و سووککردنی کۆمۆنیزمە. دیارە لەبەرانبەریشدا مارکسیزم و سیاسەتی کۆمۆنیستیی بێپەروا تێکۆشاون ماهییەتی کۆنەپەرستانەی ئایین، وەک پایەیەکی کۆمەڵگەی ستەمکاری بۆرژوازی بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێشان ڕوون بکەنەوە. لەم چیرۆکەدا کرێکاران بێ گوێدانە تەبلیغاتی کۆنەپەرستانەی مزگەوت، هەموو بە نوێژکەر و نوێژنەکەرەوە تامەزرۆن کیژۆڵەکە ببینین و تاسەیان بشکێ. دواجاریش ئەم تاسە و تامەزرۆییە دادەچۆڕێتە نێو پەیوەندییە خێزانییەکان و لێکهەڵپێکرانی ئەم پەیوەندییانە (کە لەتیشکی چراکانی ژیانیاندا بینینی کۆرپەیێکی نازدار بووە کە پێدەکەنێ و دەشنێتەوە.)(٨) ئەم کۆرپەیەک وەک هێمای ئومێد و هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک هێڵی درامی جیرۆکەکەی بەهێز کردووە.
پەیامی سیاسی چیرۆکەکە
ئەم چیرۆکەی ڕەئووف حەسەن وەک چیرۆکێکی سیاسی دەیهەوێت کۆی پەیامە سیاسییەکانی بەوپەڕی سادەیی و ڕاستگۆییەوە بخاتە بەردەم خوێنەر. چیرۆکنووس کۆشاوە پەیامەکەی بەمجۆرە نیشان بدات:
یەک: کیژۆڵەکە واتە حیزبی سیاسی وەک حیزبی خەباتکار، هەڵگری سیاسەتی کرێکارییە و هەڵوێستەکانی لەم سیاسەتەوە ئاویان خواردۆتەوە. بە وشەیەکی تر حیزبی شیوعی عێراقی ئەو حیزبەیە کە نووسەر ئومێدی لەسەر هەڵدەچنێ. لەکاتێکدا خودی نووسەر تەنها چوار ساڵ ( ١٩٦٢ – ١٩٦٧) لەڕیزەکانی حیزبدا خەباتی کردووە.(٩)
دوو: پایەیەکی بەرنامەی ئەم حیزبە سیاسییە دژ بە کۆنەپەرستی ئایین وەستاوەتەوە و خەباتی کردووە. لەکاتێکدا واقیع شتێکی ترمان پێدەڵێت!(١٠)
سێ: چینی کرێکار بێ گوێدانە ئایین، ڕوو لە حیزب هەنگاویان ناوە و کاریگەری ئایین بەسەریانەوە لاوازە. ئەم تێڕوانینە بۆ دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەتوانین بڵێین دروستە، بەڵام بۆ دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە بۆچوونی من زیادەڕۆیی پێوە کراوە.
چوار: ئاسۆی سیاسەت و داهاتووی ئەو حیزبە ڕوونە و سەرکەوتن بەسەر ستەم و چەوسانەوەی بۆرژوازی گومان هەڵناگرێت. پێموایە دۆخی حیزب لەدوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هەروەها ئێستای حیزب بەڵگەی ئەوەن کە چیرۆکنووس نەیتوانیوە بەپێی پێویست لە تاکتیک و سیاسەتی حیزب تێبگات و لێکدانەوەی دروستیان بۆ بکات.
خوێنەر چی لەم چیرۆکە فێر دەبێت؟
یەک: خوێنەر لەم چیرۆکە بە هێما داپۆشراوە تێدەگات کە نووسەر دەتوانێت دەقی سیاسیی بنووسێت و بەرژەوەندی چینێکی کۆمەڵایەتی لە دەقەکەیدا بەرجەستە بکاتەوە. ئەدەب دەتوانێت ببێتە بەشێک لە وێناکردن و گێڕانەوەی مێژووی تێکۆشان و خەبات لەدژی ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی.
دوو: ئاوێزانبوونی ئەدەب و خەباتی چینایەتی، نیشاندانی ئیستاتیکا و هەڵوێستگیرییە لەبەرانبەر دژوارییەکانی ژیان و پێشێلکارییەکانی ستەمکاران. جوانی ئەدەب لەم ئاوێزانەوە دەردەکەوێت و نووسەری پێشکەوتووخواز دەتوانێت لێرەوە شوناسی خۆی وەک شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر بەدەست بهێنێت.
سێ: هیچ دەقێکی ئەدەبیی ناکەوێتە دەرەوەی بازنە و ململانێی چینایەتییەوە. ئەم چیرۆکەی ڕەئووف حەسەن لە چەقی ئەو ململانێیە وەستاوە و ئەو جەنگە چینایەتییە بە جەنگی خۆی دەزانێت و وەفادارە پێی.
چوار: دوور لەهەر خودپەرستی و ڕەشبینی و خۆخواردنەوەیەک، ئەم چیرۆکە تەژییە لە ئومێد بە کێشەیەکی ئینسانیی و لێوانلێوە بە هیوا بە دواڕۆژێکی نوێ. (ئێستاش کرێکاران هەموو ڕۆژێ بەرەبەیان .. دەستە دەستە ڕوو دەکەنە هەمان گوزەر و چاوەڕوانی کیژۆڵە شۆخ و نازدارەکە و کۆشە گوڵ و زەردەخەنەکەی دەکەن.(١١)
پێنج: ڕەئووف حەسەن(١٢) لەڕێگەی ئەم چیرۆکەوە زۆر سیاسییانە و بوێرانە و کرێکارییانە مێژوویەکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە سەرباری هەر ڕەخنەیەک لەو مێژووە، جێی شانازی سەدان و هەزاران تێکۆشەر و خێزانەکانیانن کە بە جوانی ژیانی خۆیان قوربانیان بۆ داوە و کەم تا زۆر کاریگەریشیان لەسەر هەلومەرجی سیاسی و خەباتی چینایەتی داناوە.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
نیسانی ٢٠٢٦
——————————————————-
پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١)ڕەئووف حەسەن، گوڵەژاکاوەکان و چاوەڕوانی، چیرۆک، گۆڤاری نووسەری کورد، خوولی دووەم، ژمارە ٧، تەممووزی ١٩٨١، لاپەرەکانی ٤٢ – ٤٦. هەروەها هەمان چیرۆک نووسەر لە میهرەجانی ڕۆشنبیری کوردی لە شاری هەولێر لە ٢٢ ی نیسانی ١٩٨٠ خوێندراوەتەوە.
(٢)و (٣) و (٤) و (٥) و (٦) و (٧) و (٨)ڕەئووف حەسەن، گوڵەژاکاوەکان و چاوەڕوانی، چیرۆک، گۆڤاری نووسەری کورد، خوولی دووەم، ژمارە ٧، تەممووزی ١٩٨١، لاپەرە ٤٢ و ٤٢ و ٤٢ و ٤٣ و ٤٣ و ٤٤ و٤٦.
(٩)بڕوانە سایتی کورد کۆڵێکت https://kurdcollect.com/index.ph
(١٠)موقع الرسمی للحزب الشیوعی العراقی، برنامج الحزب الشیوعی العراقی، وپائق الٶتمر الوگنی التاسع. ٢٢ اژار ٢٠٢٠. https://www.iraqicp.com/index.php/ninth-conference-documents/33832-2020-03-22-17-59-47
(١١)ڕەئووف حەسەن، گوڵەژاکاوەکان و چاوەڕوانی، چیرۆک، گۆڤاری نووسەری کورد، خوولی دووەم، ژمارە ٧، تەممووزی ١٩٨١، لاپەرە ٤٦.
(١٢)ڕەئووف حەسەن (١٩٤٥ – ٢٠١٨) ڕەئوف حەسەن لە سلێمانی لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی (١٩٦٤) ھەر لە سلێمانی و چەندین خولیشی لە پەیمانگای بەریتانی لە بەغدا تەواو کردووە. بۆ ماوەی دە ساڵ مامۆستای سەرەتایی و ناوەندی بووە و وانەی ئینگلیزی وتووەتەوە. ڕەئوف حەسەن ساڵی ١٩٦٠ حەفتەنامەی تریفەی دەرکردووە، کە دواتر ناوەکەی بووە بە ھەفتەنامەی کەش. ١٩٦١ لەگەڵ چەند نووسەرێکی تر، (کۆمەڵەی ئەدیبانی پڕشنگ)ی دامەزراندووە و گۆڤارێکیشی بەناوی پڕشنگ بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ١٩٦٣وە ھەتاوەکوو ١٩٦٧ بووە بە ئەندامی حیزبی شیوعی عێراقی و دوای ئەوە لە وێژەدا درێژەی بە چالاکییەکانی داوە. ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵی ھونەر و وێژەی کوردی بووە. ساڵی ١٩٧٣ تیپی پێشرەوی شانۆی کوردی دامەزراندووە؛ وەرگێڕانی درامای (جەنابی موفەتیش) و کاری بەڕێوەبردنی درامای (لانەوازان)ی لە ئەستۆ بووە. ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بووە. لە نێوان ساڵەکانی ٩٧٤–١٩٨٢ لە بەغدا، بە کاری ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردی و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە و لە ڕۆژنامەکانی: ھاوکاری، بەیان، بیری نوێ، ئەستێرە، ڕۆژی کوردستان و ڕۆشنبیری نوێ ھاوکار بووە. ساڵی ١٩٧٧ لە ئەمنی عامەی بەغدا گیراوە و لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە دراوە. ساڵی ١٩٩٢ کراوە بە بەڕێوەبەری تەلەڤیزیۆنی ھەرێم. لە ساڵی ١٩٩٣، ڕۆژنامەکانی: ئاڵای ئازادی و وڵاتی دەرکردووە. سەرنووسەری گۆڤاری دیالۆگ و دامەزرێنەری (سەنتەری دیالۆگی ڕۆشنبیریی کورد) بووە و لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٠ کاری تێدا کردووە. ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٤ یانەی سەرای منداڵانی دامەزراندووە و خۆی بووە بە بەڕێوەبەری. ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٩ ڕاوێژکاری بزافی ڕۆشنبیریی سلێمانی بووە. خاوەنی زیاتر لە ٣٧٠٠ وتار و ٢٦ کتێبە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
