
هەمزە گوڵانی
جاڕی مەرگ سەختە؛
کەچی بای سەرکەشان خەریکە ڕای بگەیەنێ:
ئاو بەلای بێ هیواییدا، چاوێکی لە سەر وشک بوونە
چاوێک لە سەر ژیانەوە.
زەیتوون زەیتی لە خۆ زیادی هەبا،
برینەکانی زەوی پێ ساڕێژ دەکردن...
ئەفسووس،
خاک لە ژووری فریاکەوتنی گەردووندا
پێویستی بە ئۆکسجینەو بڕی پێویست،
لە نەخوشخانەی عیشق دەست ناکەوێ.
جاڕی مەرگ سەختە؛
کەچی ئاسمان هەورێکی بێشوناسی لە باوەش گرتووە
هەڵگری جیناتێکی نامۆیەو دەیەوێ،
بە دواچەخماخە مردن دابگیرسێنێ!
ئاسمان پەلە مەکە، مانگ هێشتا نوقمی جوانییه.
