ئاسۆس ساڵح

بەشی یەكەم

ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی بەهۆی پانتایییە فراوانەکەی ئامرازێکی گونجاوە بۆ نووسەران، تاوەکوو لە ڕێگەیەوە هزر و پەیامەکانی خۆیان بەکۆمەڵگە بگەیێنن. ڕۆمانی ''١٩٨٤'' یەکێکە لەو ڕۆمانانەی تا ئێستا گرنگیی لەدەستنەداوە، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی ئازادیی مرۆڤ تێیاندا زۆر کەمە. هەروەها بەهۆی ئەو پەیام و ئاگادارکردنەوەی لە ناوەڕۆکیدا هەیەتی، گرنگیی خۆی پاراستووە. ئەم ڕۆمانە لە لایەن ''ئیرک بلەیر'' (١٩٠٣ - ١٩٥٠) نووسراوە، ناوی خوازراوی ''جۆرج ئۆڕێڵ''ە. ئەم نووسەرە خاوەنی چەندان وتار و ڕۆمانە، بەگشتی نووسینەکانی ڕەخنەی سیاسیین، لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت وشیاریی سیاسی بڵاوبکاتەوە. گرنگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن: دۆڕاو و دەرکراو (١٩٣٣)، ڕۆژانەی بۆرما (١٩٣٤)، ڕێزلێنان بۆ کەتەلۆنا (١٩٣٨)، مەزرای ئاژەڵان (١٩٤٤) و ١٩٨٤ (١٩٤٩) ...تاد.  ''مەزرای ئاژەڵان''یش یەکێکی ترە لە شاکارەکانی، لەوێدا ڕەخنە لەو سەرکردە دەسەڵاتخوازانە دەگرێت کە دەیانەوێت لە ڕێگەی شۆڕشەوە بگەن بە دەسەڵاتی ڕەها. ڕۆمانی ١٩٨٤، لە ڕێگەی ڕەخنەی سیاسییەوە دەیەوێت مرۆڤایەتیی لە دەسەڵاتی تۆتالیتار ئاگادار بکاتەوە، کە چۆن مەترسین بۆسەر ژیان و ئازادیی مرۆڤ. 

ڕۆمانی ١٩٨٤، لە سێ بەش پێکهاتووە، هەر بەشی دابەشی سەر چەند بەندێکبووە. بەگشتی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باسی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار دەکات، کە ئازادییەکانیان لە پێناو دەسەڵاتی حزب و ڕێبەری گەورە نەهێشتووە و هەموو شتێک دەبێت لە پێناو حزب و ڕێبەری گەورەدا بێت. ئەم ڕۆمانە چەند کارێکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، کە ئەمانەن: ''وینستۆن سمیت''، ئەم پیاوەیە کە لە دەسەڵاتی ڕێبەری گەورە بێزارە، بیری ئازادی و هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵاتی ڕێبەری گەورە لە مێشکیدا چەکەرەدەکات، بۆ گەیشتن بەم کارەش چەندان کار و چالاکی دژە یاسا و بنەمانی حزبیی ئەنجامدەدات. ''جولیا'' کچێکە ئەندامی حزبە، بەڕواڵەت خۆی وەک دڵسۆزی حزب پیشاندەدات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا وانییە، بەڵکوو دژی دەسەڵاتی ڕێبەری گەورەیە. جوڵیا ئەندامی ڕێخراوی لاوانی دژە سێکسە، کەچی پەیوەندی سێکسیی لەگەڵ چەندان ئەندامی حزب دەبەستێت و دواتریش لەگەڵ وینستۆن سمیت پەیوەندی خۆشەویستی و سێکسی دەبەستێت. ''ڕێبەری گەورە'' سەرۆکی حزبە، وێنە و پۆستەرەکانی لە هەموو شوێنێکدا هەیە، لە فەرمانگە، شەقام و هەموو ماڵێکدا هەڵواسراوە، جگە لەمە بە تەلەسکرین چاودێری هەموو جووڵەیەکی مرۆڤ دەکات، هەمیشە ئەم ئاگادارییە بڵاودەکرێتەوە کە ڕێبەری گەورە چاودێریت دەکات. یەکێکی تر لە کارێکتەرەکان ''ئۆبرین''ە کە لە ناوەندی حزب بوو، هاوکات ڕۆڵی ئەوەی دەگێڕا کە لەگەڵ ''ئیمانوێڵ گۆڵدستەین''دایە و سەر بە ئەنجومەنی برایەتییە، بەڵام وانەبوو، بەڵکوو پۆلیسی خەیاڵ بوو لە کۆتاییدا هەر ئۆبراین، سمیت دەگرێت و لەسەر لادان و دژ وەستانەوەی بەرامبەر بەحزب لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی دەدات. ''ئیمانوێڵ گۆڵدستەین'' لە ڕۆمانەکەدا ڕۆڵی کەسێک دەگێڕێت کە دژی دەسەڵاتی ڕابەری گەورە و سۆسینگ وەستاوەتە و بڵاوکراوە و کتێب و ئەنجومەنی برایەتیی دژی ڕێبەری گەورە پێکهێناوە، پێشتر هاوشانی ڕێبەری گەورە بووە، بەڵام دوای ئەوەی جموجۆڵی دژی شۆڕش و ڕێبەری گەورەی لێ ئاشکرا بوو، ئیدی بڕیاری کوشتنی بەسەردا بڕا، بەم هۆیەوە ڕایکرد و خۆی شاردببووەوە. هەروەها لە ڕۆمانەکەدا چەند کارێکتەری دیکەی لاوەکیش هەن.

ناوچەی جوگرافیی ڕۆمانەکە لە سێ وڵات پێکهاتووە، کە هەمیشە دژی یەکتر لەشەڕدان. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە ''ئۆقیانووسیا''یە (ئۆسیانیا)، سیستەمەکەی بەناوی ''سۆسینگ''ە واتا سۆسیالیزمی ئینگلیزی، کە ناوچەکانی بەریتانیا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور، ئوستوڕاڵیا و ئەفریقا باشوور دەگرێتەوە. وڵاتی دووەم ''ئۆراسیا''یە، کە سیستەمەکەی بەلشەفیزمی نوێیە. ناوچەکانی ڕووسیا و ئەوڕوپا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیاش دەگرێتەوە. وڵاتی سێیەم ناوی ''ڕۆژهەڵاتی ئاسیا''یە، سیستەمەکەیان عەشقی مەرگ یان خۆفەوتاندنە. ئەم بەشە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای دەگرتەوە، وەک وڵاتانی یابان و کۆریا و چین و ڤێتنام ...تاد. جۆرج ئۆروێڵ جیهانی دابەشی سەر ئەم سێ بەشەکردووە، هەریەکەی بە وڵات و سیستەمێکی جیاواز داناوە. شایەنی باسە جۆرج ئۆروێڵ لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت: ''فەزای گشتیی چیرۆکەکەم لە بەریتانیا ڕوودەدات، ئەمە بۆ ئەوەی پیشانیبدەم ئەو وڵاتانەی ئینگلیززمانن، دوورنین لەوەی ئەم جۆرە شتانە تێیاندا سەرهەڵبدات. دیکتاتۆرییەت، ئەگەر دژی نەجەنگی ئەوە دەتوانێت لە هەر شوێنێک بێت، سەربکەوێت.'' ئەمە پەیامی نووسەرە بۆ مرۆڤایەتیی کە پێویستە هەمیشە لە هەوڵی بەدەستهێنان و پاراستنی ئازادیدابن، ئەگینا دەسەڵات لێیان زەوتدەکات.

حزبی فەرمانڕەوای ئۆقیانوسیا، چەند درووشمێکی هەبوون، بەهەموو شوێنێک بڵاوکرابوونەوە، درووشمەکان ئەمانە بوون: ''شەڕ ئاشتییە. کۆیلایەتی ئازادییە. نەزانی هێزە''، هەروەها درووشمێکی تری حزب ئەوە بوو کە دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج (٢ + ٢ = ٥)، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو شوێنێک نووسرا بوو ئاگاداربە ''ڕێبەری گەورە'' چاودێریت دەکات. ئەمانە بەناو هەموو قوژبنێکی کۆمەڵگەدا بڵاوکرابوونەوە. کۆمەڵگەی وڵاتی ئۆقیانوسیا لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی ڕێبەری گەورە و سیستەمی سۆسینگدا، دابەشی سەر سێ پێکهاتە بووە.  پلەدار و بەڕێوەبەرانی حزب ٢% لایەنگر و ئەڵقەلەگوێکانی حزب، کە ڕێبەری گەورە و حزبیان بەهەموو شتێک دەزانی و لە دەسەڵاتی دەرنەدەچوون، ١٣% کۆمەڵگەیان پێکهێنابوو. بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەش لە پرۆلیتار و ڕەنجدەران پێكهاتبوو، ڕێژەکەی ٨٥% بوو. هەر ئەمەش وایدەکرد وینستۆن سمیت تاکە هیوای بۆ ئازادی و ڕوخاندنی سیستەمەکە پرۆلیتاریا بێت و دەیگوت: ''گەر هیوایەک هەبێ، تەنها پرۆلیتارە''. 

ئازادی وەک بەهایەکی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا جەختی لەسەرکراوەتە، کە چۆن بوون بەبێ ئازادی ماهیەتی نابێت و خاوەنی بژاردە و بوونی خۆی نابێت، هەمیشە لە ژێرکاریگەریی ئەویتردا دەژیت. لێرەدا بۆ لێکدانەوەی دەقەکانی ڕۆمانەکە، پشت بە تێروانینی بوونخوازانەی ژان پۆڵ سارتەر دەبەستین لەمەڕ ئازادی، هەڵبژاردن و بڕیاردان، ئازادیی خۆشەویستی. 

ژان پۆڵ سارتەر، بەهۆی نووسین و هەڵوێستەکانییەوە ببووە فەیلەسوفێکی خۆشەویست لە سەردەمی خۆیدا، کارەکانی لەنێو ڕۆشنبیران و قوتابییان و شۆڕشگێران و خەڵکی ئاساییشدا ناسراو بوو، تەواوی دونیا ئاشنایەتییان لەگەڵ سارتەر پەیدا کرد. سارتەر لە کاتێک بووە زمانحاڵی بوونخوازی، ئەوڕوپا لە بارودۆخێکی ناسەقامگیردا بوو، بێئومێدی و ڕەشبینی و داگیرکاری و شەڕ ...هتد ئەوڕوپا و جیهانی تەنیبوو. 

ئەو بابەتانەی سارتەر لە فەلسەفە بوونخوازییەکەی گرنگیی پێداوە ئەمانەن: ئازادی، هەڵبژاردن، بڕیاردان ...تاد. بابەتی سەرەکی فەلسەفەکەی سارتەر ئازادییە و دەبێ تاک ئازادی خۆی بەدەستبێنێت، تا بتوانێ بە ئازادانە بریاربدات و هەڵبژاردن بکات. هەروەها، نابێت لەژێر کاریگەری ئەوانیتردا بێت. بوونخوازەکان باوەڕیان وایە بوون لە پێش جەوهەرە، واتە هەموو مرۆڤێک بەر لە هەرشتێک بوونی هەیە. سارتەریش وەک بوونخوازێک ''لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە بڕوای وایە (بوون) دەکەوێتە پێش (ماهییەت)ەوە. واتە لە پێشدا مرۆڤ دێتە جیهانەوە؛ پاشان لە ڕێی کارەکان و هەڵبژاردنەکانیەوە (ماهیەت)ی خۆی پێکدێنێت. واتە بەبڕوای سارتەر، پێشتر ماهیەتێک نییە بەسەر بوونی مرۆڤدا سەپێندرا بێت.'' (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٦: ل١٣). هەرچەندە مرۆڤ بە هەڵبژاردن و ئازادانەی خۆی نەهاتۆتە بوونەوە، بەڵام لەم ژیانەدا مرۆڤ ناچارە بەوەی ئازاد بێت. دواجار هەر لە ڕێگەی ئازادی و هەڵبژاردن و بڕیاردان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیتردا ناسنامە و ماهیەت بۆ بوونی خۆی دادەنێت. هەڵبژاردن و بڕیاردان، لە گرنگترین و سەرەکیترین بنەماکانی فەلسەفەی بوونخوازیی سارتەرن، ''هەڵبژاردن کڕۆکی فەلسەفەی سارتەرە، بەپێی بۆچوونی ئەو، هەڵبژاردنی ئازاد بەپێی هیچ ڕاستییەکی هەبوو (Existent) بڕیار نادرێت، چونکە کردەیەکە ئاراستەی بۆشایی کراوە، ئەویش ئەو داهاتووەیە کە بوونی نییە.'' (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٦: ل٥٧). کاتێک مرۆڤ هەڵبژاردن دەکات، نا بێت بکەوەتە ژێرکاریگەری بڕیاری پێش وەختە و چەند بیر و باوەڕێک، کە پێشووتر لە هزریدا جێگیر بوونە. سارتەر، جەخت لەسەر ئازادیی مرۆڤ دەکاتەوە، دەبێت بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە هەڵبژاردن و بڕیار بدات، نەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەوانیتر. بەتێڕوانینی سارتەر، مرۆڤ بەرپرسیارە بەرامبەر ئەو کارانەی دەیکات. هەروەها لای سارتەر ئازادیی خۆشەویستی گرنگییەکی  زۆری پێدراوە و لەم بارەیەوە دەڵێت: ''عەشق شتێکە کە هەرگیز نابێتە واقعیەت، بۆ من خۆشەویستی ئێوە شتێک نییە جگە لەوەی کە ئێوە ناچاربکەم خۆشمتان بووێ و پێچەوانەی ئەم مەسەلەیەش هەر ڕاستە.'' (میهرداد میهرین، ٢٠٠٩: ل٤٠٧). سارتەر بیر و تێڕوانینی خۆی لەبارەی خۆشەویستی دەخاتەڕوو، و پێیوایە خۆشەویستی ئازادی لەمرۆڤ دەستێنێ و دەبێ لە خۆشەویستیشدا ئازادی هەبێت. ''بە وتەی سارتەر لەعەشقدا وەک تێکڕای پەیوەندییە مرۆییەکانی تر، ئامانجی ئێمە بەکۆیلەکردن یان بوونە کۆیلەی ئەویترە، لە پێگەی ماسۆشی و سادیدا'' (ی. ز لاڤین، ٢٠١٧: ل٥٨٤). سارتەر تیشک دەخاتەسەر مەترسی خۆشەویستی کاتێک کە من ئازادی ئەوی تر لەناو ئەبەم، و ئەویتر ئازادی من لەناو دەبات، یەکەمیان سادیستم 'چێژ لە ئازاردانی ئەویتر' و دووەمیان ماسۆشیستم 'چێژ لە خۆ ئازاردان' وەردەگرم، بەمەش خۆشەویستی دەبێتە شتێکی ئازاربەخش، دەبێت لە خۆشەویستیدا ئازادی ڕەنگبداتەوە بۆ ئەوەی خۆشەویستییەکی سەرکەوتوو بێت.

ڕووحی بەرەنگاری و ئازادی: جۆرج ئۆروێڵ لەم ڕۆمانەدا، باسی سەرەکی ئازادییە، بەمانا سارتەرییەکەی دەیەوێت بڵێت ژیان و بوون بەبێ ئازادی مانای نییە و لە جەوهەری خۆی دەکەوێت. ڕۆمانەکە باسی دەسەڵاتێک دەکات کە هەموو ئازادییە تاکەکەسییەکانی دسپلین و سنووردارکردوون. ئەمەش لە ڕێگەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بەناوی وینستۆن سمیت بەیاندەکات. دەسەڵات کارێکی وایکردووە کە مرۆڤەکان بەتەنهاش بن، هەست بە ئازادی نەکەن و لە ترس و دڵەڕاوکێدابن، ئەمەش لەڕێگەی چاودێریکردنی خەڵکە بە تەلەسکرن. سارتەر، ئازادیی بوون بەر لە جەوهەر دادەنیت، پییوایە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت، ئەگەر ئازاد نەبێت ناتوانێ مانا بەبوون و جەوهەری خۆی بدات، دواتر هەر لەڕێگەی ئازادبوونی خۆیەوە دەتوانێت جەوهەری خۆی بنیاتبنێت، ئەگەر وانەبێت ناتوانێ مانا بەو بوونەی بدات و خۆی بوونیادنەری بوونی خۆی نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەوانیترەوە بۆی هەڵبژێردراوە. هەروەک سارتەر دەبێژێت: مرۆڤ بە ئازادیی خۆی لە دایکنەبووە، بۆیە مەحکوومە بە ئازادی. لەم ڕۆمانەدا، هیچ ئازادییەک بوونی نییە تەنانەت بۆ لایەنگرانی حزبیش، هەمیشە لەژێر چاودێری وردی دەسەڵاتدان. وینستۆن سمیت کاتێک بێزار دەبێت و لە دەوامی فەرمانگە دەگەڕێتەوە، لە ماڵەوە دەستدەکات بە یاداشتنووسین، کە لەو کاتەدا نووسین قەدەغەبوو. لەسەر کاغەزەکەیدا پێنج جار بەدوای یەکتردا نووسی: ''مەرگ بۆ ڕێبەری گەورە'' (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٢٩). نووسینی ئەمە خۆی مانادانە بەئازادی لای وینستۆن سمیت، هەرچەندە ئەم نووسینە خۆی دەرچوون بوو لە یاسا و دژی دەسەڵاتبوو. نووسینی ئەمە تا لێواری مەرگ نزیکی دەکردەوە، بەڵام وینستۆن ڕووحی ئازادی لەناویدا چەکەرەیکردبوو، دەیویست لە ڕێگەی ئەم بەرەنگاری و دەرچوونە، مانایەک بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە. هەرچەندە نەیدەتوانی بەسەر ترسەکەیدا زاڵبێت، بەڵام ئەم نووسینە خۆی مانادانە بە ئازادی و بوون لای وینستۆن.

حزب کۆمەڵێ درووشمی هەبوو، یەکێک لە درووشمەکانی ئەوە بوو: دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج. دەبوو باوڕ بەمە بکەن، باوڕ نەهێنان دووچاری تەنگەژە و سزادانی زۆری دەکردن. حزب ئەمەی بۆ ئەوە دەکرد تاوەکوو بڵێت دەبێت باوەڕ بە لۆژیکی حزب بکەن، ئەوەی حزب دەڵێت ئەو ڕاستە. سمیت کە بیری دەکردەوە لە بەرامبەر هێزێکی گەورەدا وەستاوەتەوە دڵی دادەخورپا، بەڵام هەر بڕوای بە ڕاسییەکان بوو، نەوەک لۆژیکی حزب. لە یاداشتێکی تردا دەنووسێت: ''سەربەستی کاتێ سەربەستییە کە بتوانی بڵێی: دوو و دوو دەکاتە چوار. ئەگەر باوەڕ بەمە بهێندرێ، ئیدی هەموو شتەکانی دی، خۆیان بەدوویدا دێن'' (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٠٨). سمیت لێرەدا بەرامبەر ئەو باوەڕە دەوەستێتەوە کە بەسەریدا سەپێندراوە، ئاماژەش بەوە دەدات کاتێک توانیت باوەڕ بە ڕاستییەکان بهێنیت، ئەوکات دەتوانی ئازادیش بەدەستبهێنیت، واتە دەربازبوون لە دەست باوەڕی ئەویدیکە، کە لێرەدا دەسەڵاتە. وینستۆن هەوڵی ئازادبوون دەدات، بەڵام ناشتوانێ بە ئازادانە هەم ڕەفتار بکات هەمیش دەریببڕێت. واتە ئازادیی لە هزریدا هەیە بەڵام ناتوانێ بەرجەستەی بکات. 

لە یەکێک لە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەدا، وینستۆن سمیت و جولیا، پەیوەندی بە ئۆبراینەوە دەکەن، کە ئەندامی ناوندی حزب بوو، هاوکات وا خۆی دەرخست کە لایەنگری گۆڵدستەینە و ئەندامی ئەنجومەنی برایەتییە دژی دەسەڵات. لە بەشێک گفتوگۆی نێوانیاندا لە یەکەم دیداردا سمیت و جولیا خواستی خۆیان بۆ ئازادی و نەجاتبوون لە دەسەڵات دەربڕی. ئۆبراین چەند پرسیارێکی ئاراستەکردن بە بەڵێ وڵامیاندایەوە. '' - ئامادەن ژیانی خۆتان بەختکەن؟ + بەڵێ. - ئامادەن خۆتان بکوژن؟ + بەڵێ. – ئامادەن خراپەکاری وابکەن کە ببێتە هۆی مەرگی سەدان کەس؟ + بەڵێ. ....'' (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٢٢٦). ئەم گفتوگۆیە دەرخەری ئەوەیە کە ئازادی لە پێش هەموو شتێکەوەیە لای سمیت و جولیا، چونکە سڵ لەوە ناکەنەوە ئەگەر تاوانیش ئەنجامبدەن تاوەکوو دەگەن بە ئازادی. خواستی ئازادی لای ئەوان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. 

دوای ئەوەی وینستۆن ئاشکرا دەبێت و دەسگیردەکرێت لە زیندان، لەگەڵ یەکێک لە گیراوەکاندا بەناوی پارسۆنز قسە دەکات، ئەویان بەهۆی ئەوە گرتووە چونکە لە خەویدا گوتبووی بمرێ ڕێبەری گەورە و لەسەر ئەمە کچەکەی خۆی شکایەتی لێکردبوو. پارسۆنز دەڵێت: ''بمرێ ڕێبەری گەورە! بەڵێ وامگوتووە. بیستم چەند جارێ ئەوەم دووپاتکردۆتەوە. لە بەینی خۆماندا بێ، خۆشحاڵم بەوەی کە بەر لەوەی کارەکە گەندتر بێت دەستگیرکرام. دەزانی بەتەمام لە دادگا بڵێم چی؟ دەمەوێ بڵێم سوپاستان دەکەم بۆ دەربازکردنم بەر لەوەی کار لەکار بترازێ'' (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٠٧). ئەو دەربڕینانەی پارسۆنز دەرخەی ئەوەن کە ئەم کارێکتەرە، ناتوانێت هزری ئازادی لە خۆیدا چەکەرە پێبکات، بەڵکوو حەزی لە ژێردەستەییەکی مەحکوومکراوە، بۆ ئەمە هیچ قوربانییەک نادات. ئەم کارێکتەرە بوونێکی ئازاد نییە و ناتوانێت خۆی بڕیاری ئازادانە بدات، بەڵکوو هەمیشە لەژێر نیگا و کاریگەریی ڕێبەری گەورەدایە، تەنانەت زەمینە بۆ ئەو ژێردەستییەی خۆشی خۆشدەکات. کاتێک سەبارەت بە پەروەردەی کچەکەی دەڵێت: ''هیچ قینم لێی نییە. بەڕاستی سەریشم پێیەوە بەرزە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە لە پەروەردەکردنیدا درێغیم نەکردووە.'' (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٠٨). ئەمە بەمانای ئەوە دێت نەک تەنها خۆی بوونێکی ئازادانەی نییە، بەڵکو کچەکەشی خستووەتە ژێرکاریگەریی ئەم تێگەیشنەی حزب و دەسەڵات.

دوای ئەوەی وینستۆن سمیت و جولیا لەلایەن دەسەڵاتەوە دەگیرێن، کە بەشی سێیەمی کتێبەکە بۆ ئەمە تەرخانکراوە، تێیدا بە جۆرەها شێواز سزا دەدرێن و ئەشکەنجە دەدرێن تا لێواری مەرگ، ئەمش بۆ ئەوەی مێشکیان بشۆردرێتەوە لە هەر هزر و خەیاڵێک دژی ڕیبەری گەورە. لە زیندان کە ئیتر ئازادیی فیزیکی نەما، کار لە هزری ئازادیش دەکات. لەسەرەتادا کە سمیت دەگیرێت، هەوڵدەدات بەردەوام بێت لەسەر هزری ئازادی و بەرگەی هەموو شتێک بگرێت و ددان نەنێت بە هزری حزب. لەم بەشەدا چەندان گفتوگۆی تێدایە کە جێگەی تێڕامانن، بەتایبەت گفتوگۆکانی نێوان سمیت و ئۆبراین، کە لە زینداندا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرد. وینستۆن لەوێشدا هزری ئازادیی هەر هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەشکەنجەدانییەوە نەیدەتوانی بەردەوامبێت، تەنانەت لە ژووری ١٠١ دا دەست لە جولیاش بەردەدات و داوا دەکات جولیا سزابدرێت لە جیاتی ئەو. لە یەکێک لە گفتوگۆکان لەکاتی لێکۆڵینەوە لەنێوان سمیت و ئۆبرایندا، سمیت لەوێش لەسەر یاداشتەکەی سووربوو، کاتێك ئۆبراین دەپرسێت: ''لە بیرتە لە دەفتەری یاداشتەکانتدا نووسیوتە: (ئازادی ئەوەیە کە بتوانی بڵێی دوو و دوو دەکاتە چوار؟)'' (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٢٧)، وینستۆنیش دەڵێت: بەڵێ لەبیرمە. لەوکاتەدا ئۆبراین دەستی هەڵدەبڕێت و دەڵیت: وینستۆن چەند پەنجەم نیشاندایت، ئەویش دەڵێ چوار. ئەوجارە ئۆبراین دەڵێت: ''ئەی ئەگەر حزب بڵێت چوار نییە و پێنجە، ئەوکات چەندە؟'' (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٢٧)، وینستۆن دەڵێت: چوار. ئەم بەرهەڵستییە لەسەر ڕاستی دەرخەری قسەکەی خۆیەتی کە سەربەستی لە شتی بچووکەوە دێت. لەگەڵ ئەوەی لەژێر ئەشکەنجەدا بوو، بەڵام ویستی ئازادی واینەکرد وینستۆن بەپێی لۆژیکی حزب بڕیاربدا و بڵێ پێنج. ئەم گفتوگۆیە بەردەوامدەبێت تا ئەشکەنجەدانی وینستۆن زیاتر دەکەن. هەر بەدەوام دەبێت و دەڵێ چوار، بەڵام دواتر ئۆقرەی نامێنێ و دەڵێت پێنج. بەڵام ئۆبراین پەی بەوە دەبات کە وینستۆن هزری هەر لای چوارەکەیە، ئازادانە نەیگوتووە پێنج. ئەم ئازاردانە بەردەوامدەبێت تاوەکوو وای لێدێت وینستۆن دەڵێت: پێنج، حەزەم پێنج ببینم. وینستۆن ئازادانە بڕیارینەداوە، تەنانەت حەزدەکات ئازادانە بیرنەکاتەوە تا لەم بارودۆخە دەربچێت. 

دوابەدوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێنێتەوە، لە کۆتاییدا وینستۆن هەوڵی ئەوە دەدات کە دژی هزری ئازادی خۆی بووەستێتەوە. ماوەیەک لە جاران باشتر خواردنی پێدەدەن و ئاوی گەرم و جلی نوێشی پێدەدەن تاوەکوو کەمێك هێزی گەڕایەوە بەر و ئەو ددانانەی مابوونی ئەوانیشیان بۆی لابرد و بۆیان کردبووە تاقمەی ددان. لە ژوورەکەیدا کاغەز و قەڵەمێکی پێدەدەن. وینستۆن دەستیکرد بە نووسین و ئەم سێ درووشمە دەنووسێت: ''کۆیلایەتی ئازادییە. دوو و دوو دەکاتە پێنج. خوا دەسەڵاتە'' (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٦٣-٣٦٤). ئەم سێ درووشمە دەرخەری ئەوەیە حزب توانیویەتی لەڕێگەی ئەشکەنجەدانی جەستەیی وابکەن هزری وینستۆن بگۆڕن و هزری ئازادی لە مێشکیدا دەربکەن. کۆیلایەتی ئازادیییە خۆی درووشمێکە دژی ئازادی و بوونێکی ئازاد، کاتێک مرۆڤ کۆیلە بێت ناتوانێ جەوهەر و هزرێکی ئازادانەی هەبێت. هەروەها، ڕازیبوون بەوەی دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج ڕازی بوونە بە لۆژیکی حزبی و هەموو ویستەکانی حزب ئەگەر ناڕاستیش بن. درووشمی خوا دەسەڵاتی مانای ئەوە دەدات، کە دەسەڵات دەتوانێت خۆی وەک خودا نیشانبدات، لۆژیک ئاوەژوو بکاتەوە، وابکات بپەرسترێت و مرۆڤ بکاتە بەندەی خۆی. 

لەم ڕۆمانەدا ئازادبوون زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە، بەڵام ئەنجامەکەی هەر کۆیلەبوونە. واتە حزب بەسەر هزری ئازادانەی تاکەکەسدا سەردەکەوێت. ئەم ڕەشبینی و بێئومێدییە بۆ ئەوە نییە مرۆڤ تەسلیمی دەسەڵاتی تۆتالیتار ببێت، بەڵکوو بۆ ئەوەیە مرۆڤ هەوڵبدات ئەم هزرە ئازادەی هەیەتی بیپارێرێت تاوەکوو دەسەڵاتێکی تۆتالیتار سەرهەڵنەدات و هەموو دەسەڵاتەکەی بۆ زەوتکردنی ئازادییەکان بێت.

هەڵبژاردن و بڕیاردان: لە ڕوانگەی سارتەرەوە، بڕیاردان و هەڵبژاردن دەبێت بەشێوەیەکی ئازادانە و بەرپرسانە بێت. مرۆڤ کاتێک هەڵبژاردن یان بڕیارێک دەدات نابێت لەژێر بیروباوەڕێکی پێشینەیی یان داپڵۆسێنەر بێت، بەڵکوو دەبێت بەپێی بەرژەوەندی و چاکەی گشتی بڕیار بدات و بژارە باشەکە هەڵبژێرێت. دەبێت لەم کاتەشدا هەست بەئازادی بکات و لە دۆخێکی ئازادانەدابێت. لەم ڕۆمانەدا، بەهۆی نەبوونی ئازادی، تاکەکان ناتوانن خاوەن بژاردە و بڕیاری خۆیان بن، بەڵکوو هەموو کات لای دەسەڵاتی حزب و ڕێبەری گەورەوە بۆیان دیاریکراوە، بەمەش دەگەین بەو خاڵەی ئازادی لە بڕیار و هەڵبژاردنی کارێکتەرانی ناو ڕۆمانەکەدا نییە.

وینستۆن سمیت و جولیا، وەک دوو کارێکتەری سەرەکیی ناو چیرۆکی ڕۆمانەکە هەمیشە لەژێر چاودێری و هەژموونی دەسەڵات بڕیارەکانیان دەدا. وینستۆن بۆ ئازادبوون بڕیاری هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵاتی ئۆقیانووسیا دەدات، بەڵام دوای زۆرێک لە بڕیارەکانی لە ئەنجامی نەبوونی ئازادییەوە، تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەستبەرداری هەموو شتێک ببێت بە جولیاشەوە. جولیاش کە ئەندامی بزووتنەوەی لاوانی دژە سێکس بوو، وای لێدێت دەست لە هەموو بڕیارەکانی هەڵبگرێت و دەستبەرداری وینستۆنیش بێت لە پێناو ژیانی خۆیدا. 

لەو ساتانەی جولیا و وینستۆن لە پەیوەندیدان، لە ژوانێکیان جولیا جلەکانی ئەندامی حزب دادەکەنێت و پشتێنی سوور کە هێمای ئەندامانی دژە سێکس بوو لە پشتی دەکاتەوە، حەزیەیەکی کورت و مکیاژێک دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ڕەسەنایەتیی ژنیەتی خۆی. بە وینستۆن سمیت دەڵێت: ''دەزانی دەمەوێت جاری داهاتوو چی بکەم؟ دەستێ جلی ژنانەی ڕاستی وەگیربهێنم و لەبری ئەم بەدلە دوابڕاوە بیپۆشم. بیر لەوە دەکەمەوە گۆرەوی ئاوریشم و پێڵاوی پاژنەبڵندیشم هەبن. دەمەوێ لەم ژوورەدا ژن بم نەک هاوڕێی حزب'' (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٨٨). لە قسەکانی جولیا دیارە بە ویستی خۆی نییە بووەتە ئەندامی حزب و دژە سێکس، بەڵکوو مەحکوومکراوە بەم شێوازە بێت و ڕەفتار بکات، هەر بۆیەشە ویستی گەڕانەوەی بۆ سەر ژنیەتیی خۆی هەیە. ئەو هەڵبژاردنانە هی حزبن نەوەک هی خودی جولیا، ئەمەش ڕوونە کە بەشێوەیەکی ئازادانە ئەم هەڵبژاردنانەیان نەکردووە، بەڵکوو بەسەریاندا سەپێندراوە.

وینستۆن سمیت، بەهۆی ویستی بۆ ئازادی دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەگیرێت، لێکۆڵینەوەیەکی زۆری لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەوەی بیخەنەوە ژێرکاریگەریی خۆیان. ئۆبراین بە وینستۆن دەڵێت: تۆ بۆ ئەوە لێرەی تا ئاقڵت بکەین، واتە ئەم جارەی هەڵبژاردن و بڕیارەکانت لەژێر هزری ئێمە دەبێت نەوەک ئازادانە بڕیار بدەیت. لەکاتی لێکۆڵینەوە لە ژووری ١٠١ دا، ئەشکەنجەیەک بۆ وینستۆن ئامادەکرا بوو کە دوو جرجی گەورە و برسی لەناو قەفەزێکەوە ئەخرانە سەر ڕوخساری وینستۆن، تاوەکوو بڕیارەکانی پێبگۆڕن دوای ئەو هەموو مانەوەیە لە زیندان و ئەشکەنجەدانە گوتی ڕقم لە ڕێبەری گەورەیە. بۆ گۆڕینی بڕیارەکەی ویستیان ئەم سزایەی بدەن، لە ئەنجامدا وینستۆن بڕیاری دەستبەرداربوونی لە جولیا دا، لەژێر ئەم مەترسییانەدا بڕیاری خۆشویستنی ڕێبەری گەورەشیدا. وینستۆن گوتی: ''ئەم بەڵایە بەسەر جولیادا بێنن! من نا! جولیا! هەرچی لێدەکەن باکم نییە. دەموچاوی ونجڕ ونجڕ بکەن، هەموو جەستەی هەڵدڕن. من نا! جولیا! جولیا! من نا!'' (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٧٦). ئەم بڕیارە و هەڵبژاردنەی وینستۆن بە ئەشکەنجەدانی جولیا ئازادیی تێدا نییە و لەژێر ئەشکەنجە بووە، هەروەها جولیاش هەمان شتی بەرامبەر وینستۆن کردبوو لەکاتی سزادانی. دوای ئازادکردنیان هەردووکیان یەکتریان بینییەوە بەڵام ویستی مانەوەیان نەبوو وەک جاران، ئەمەش هەڵبژاردنی خۆیان نەبوو بەڵکوو دەسەڵات بەزۆی بەسەریدا سەپاندن. 

وینستۆن سمیت، پێشتر ڕقی لە ڕێبەری گەورە بوو، دوایی توانی وابکات خۆشیبوێت ئەمەش دوای ئەو هەموو ئازارەی چەشتی لەزینداندا. لە کۆتادێڕی ڕۆمانەکەدا واهاتووە کە وینستۆن: ''بەسەرخۆیدا سەرکەوت. ڕێبەری گەورەی خۆشویست'' (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٩٢). هەڵبەت بڕیاردانی خۆشویستنی ڕێبەری گەورە بڕیارێکی ئارەزوومەندانە نەبوو، بەڵکوو مەحکوومکرابوو بەوەی دەبێت خۆشیبوێت، واتا هەڵبژاردنێکی تر نەبوو جگە لە خۆشویستنی ڕێبەی گەورە. 

نووسەر لەم ڕۆمانەدا، دەیەوێت لەسەر زاری کارێکتەرەکانەوە بڵێت: لە دەوڵەت و دەسەڵاتی تۆتالیتاردا ئازای لە بڕیاردان و هەڵبژارندا نییە. لە دۆخێکی وادا مرۆڤەکان ناتوانن خاوەنی هەڵوێست و بڕیاری خۆیان بن، بەڵکوو بۆیان هەڵبژێردراوە و لای ئەوانەوە ئاراستە دەکرێن، هەر ئەمەشە وادەکات بڵێین بەگشتی لەم ڕۆمانەدا ئازادیی هەڵبژاردن و بڕیاردان نییە، بەڵکوو مەحکووم و وابەستەکراون بە بڕیارەکانی دەسەڵاتی حزب و دەوڵەتەوە.

ئازادیی خۆشەویستی: خۆشەویستی بەبێ ئازادی سەردەکێشێت بۆ ململانێ، هەر ئەمەیە وادەکات سارتەر ئازادی بکاتە جنچینەی خۆشەویستییەکی سەرکەوتوو. ئەو پێیوایە ئەگەر ئازادی نەبێت خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە دروستنابێت. هەروەها خۆشەویستی دابەشدەکاتە سەر دوو جۆر، یەکەمیان خۆشەیستیی سادیستییانەیە، دووەمیش خۆشەویسییەکی ماسۆشییانەیە. هەردووکیان لە ئەنجامی خستنە ژێرکاریگەری و نیگای یەکتر دروستدەبن. بۆ ئەوەی خۆشەویستی نەکەوێتە ناو ئەم دژوارییەوە، سارتەر ئازادی لە خۆشەویستیدا بە چارەسەر دەزانێت. ئەم ڕۆمانە چەند جۆرێکی خۆشەویستی تێدایە، وەک: خۆشەویستی بۆ حزب، سەرۆک و وڵات. خۆشەویستی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر ...تاد. ئەم خۆشەویستییانە هیچیان لە فەزایەکی ئازادانەدا نین هەربۆیە دەکەونە ململانێ و تەنگەژەوە.

خۆشەویستیی نێوان وینستۆن و جولیا خۆشەویستییەکی ئازادانەیە. ئەم دووانە دوای یەکترناسین و پەیوەندیبەستن لە دۆخێکی تەواو داپڵۆسێنەردا، خۆشەویستییەکی ئازادانە دروستدەکەن. هیچ کامیان ئەویتر ناخاتە ژێر نیگا و هەژموونی ئەویتر، تا کۆتاییش کە لەیەکتر دادەبڕێن، بەشێوەیەکی وا قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن کە قین لەدڵبن بەرامبەر یەکتر. لە یەکەم ژوانیاندا دوای تەواوکردنی سێکس، وینستۆن لە جولیا دەپرسێت و ئەویش وەڵامدەداتەوە: ''پێشوتر ئەم کارەت کردووە؟

بێگومان سەدان جار – یا، بەهەرحاڵ بیست - سی جار.

لەگەڵ ئەندامانی حزبدا؟

بەڵێ هەموو جارێک لەگەڵ ئەندامانی حزبدا'' (جۆرج ئورێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٦٤).

دوای درکاندنی ئەم ڕاستییە، وینستۆن دڵی لە جولیا ناڕەنجێت، چونکە بەمە دەزانێ کە ئەندامانی حزب لە ناوخۆیاندا لە پێشێلکردنی بنەما حزبییەکانی خۆیانن. هەر ئەمەیە وادەکات وینستۆن دڵخۆشبێت و بە جولیا دەڵێت: ''گوێ بگرە، چەند پیاوت سواری خۆت کردبێ، هێندە زیاترم خۆشدەوێی، تێدەگەی؟'' (جۆرج ئورێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٦٤). بەهۆی ئەوەی خۆشەویستییەکەیان لەسەر بنەمایەکی ئازادانە و ویستی خۆیان بوو، یەکتریان نەدەخستە ژێر بڕیارەکانی یەکتر و خۆیان بەسەر یەکتردا نەدەسەپاند. لە کردار و گوفتارتاندا ئازادی هەبوو و ڕاستییەکەیان بەیەکتر دەگوت، هەروەها هۆکاری سەرەکیش کە وینستۆن وایگوت ئەوە بوو، تێگەیشتبوو حزب دەبێت لە ناوەخۆی گەندەڵ بێت و هەرەسبهێنێت. ئەم دووانە تەنها خۆشەویستییان لەنێواندا بوو لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر دەکرد، نەک لەسەر بنەمای ژن و مێرد یان هەر پرەنسیپێکی یاسایی یان کۆمەڵایەتی یاخود دینی. ئەم ئازادییە لە هەڵبژاردنی خۆشەویسی بۆ کەسێک وادەکات بەئاسانی وازی لێنەهێنی. وینستۆن لە ئازار و ئەشکەنجەشدا تا توانای هەبوو لە بیری جولیادا بوو. خۆشەویستی ئەم دوو کارێکتەرەی ناو ڕۆمانەکە تەواو ئازادانە بوو لە باودۆخێکی تەواو نا ئازاد و پڕ دسپلیندا، ئەم جۆرە خۆشەوستییە لەنێو ئەم دوو کارێکتەرەدا بەرجەستە بووە.

دەسەڵات دەیویست هەرچی خۆشەویستییە بۆ ڕێبەری گەورە و حزب بێت، بەدەر لەوە جێگەی قبوڵ نەبوو. ئەو خۆشەویستییەی حزب دەیویست بۆ ڕێبەری گەورە، لە دیدی سارتەردا دەچێتە چوارچێوەی خۆشەویستیی سادیستییانە، چونکە ئازادی لەم خۆشەویستییەدا بوونی نییە، بەڵکوو بەسەریدا سەپێندراوە. هەر ئەمەیە وادەکات وینستۆن ڕقی لە حزب و ڕێبەری گەورە بێت، چونکە ئازادییان لێ زەوتکردووە، تەنانەت دوای چەندین مانگ لە زیندن و ژێر ئەشکەنجەدا، پێش ئەوەی بیبەن بۆ ژووری ١٠١ لە وەڵامی ئۆبرایندا دەڵێت ڕقم لە ڕێبەری گەورەیە، بەڵام دوایی وایلێدەکەن بەزۆر ڕێبەری گەورەی خۆشبوێت. لە کۆتا پەرەگرافی ڕۆمانەکەدا جۆرج ئۆروێڵ ئاوا وێنای خۆشەویستیی وینستۆن سمیت دەکات بۆ ڕێبەری گەورە؛ ''چاوی بڕییە سیما دێوئاساکە. چل ساڵی خایاند تا تێگەیشت چ بزەیەک لە ژێر ئەو سمێڵە ڕەشەدا شاردراوتەوە. ئای لەو دڵپیسییە و ئای لەو ستەمکارییە نا پێویستە! هەی ملهوڕی لەدەست خۆشەویستی سەرهەڵگرتوو! دوو دڵۆپ ئەشک کە تێکەڵاوی بۆنی جن بوون بەگۆنایدا هاتنە خوارێ، بەڵام هەموو شتێ لە جێی خۆیدا بوو. ململانێ کۆتاییهات. بەسەر خۆیدا سەرکەوت ڕێبەری گەورەی خۆشویست.'' (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٩١-٣٩٢). لە کۆتاییدا حزب سەرکەوتوو دەبێت لەوەی کە وینستۆن بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و ڕێبەری گەورەشی خۆشبوێت. بەڵام ئەمە خۆشەویستییەکی ئازادانە نییە، بەڵکوو بەسەردا سەپێندراوە.

دەرئەنجام: لەم ڕۆمانەدا، نووسەر وستوویەتی ئازادی بکاتە بابەتی سەرەکی، بەڵام بە ئازادبوونی کارێکتەرەکان کۆتایینایەت، هەر ئەمە وادەکات هەستێکی ڕەشبینی و نائومێدانە لە ڕۆمانەکەدا بەدەربکەوێت لەبەرامبەر دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا. بە گوتەی خودی نووسەر ئەمە ئاگادارکرنەوەیە بۆ مرۆڤ تاوەکوو پارێزگاری لە ئازادییەکەیان بکەن، گەرنا ڕەنگە لە هەرکاتێکدا بێت دەسەڵات ببێتە دکتاتۆر بەسەر گەلەکەیدا. نووسەر لە ڕێگەی هەردوو کارێکتەرەکە وینستۆن سمیت و جولیا، بەرجەستەی خواستی ئازادی لە مرۆڤدا وێنادەکات، هەرەها لایەنگرانی حزب و ڕێبەری گەورە وەک لەناوبەری ئازادی و دەسەڵاتێکی تۆتالیتار وێنادەکات، کە چۆن لە پێناو سەرۆک و حزب ئازادییان نەهێشووە و ژیانێکی دەردەسەرییان بۆ بۆ گەل دروستکردووە. لە ڕێگەی دامەزراوەکان و تەکنەلۆژیاوە هەموو خەڵکیان خستۆتە ژێر چاودێری خۆیان. لەم ڕۆمانەدا، هەموو شتێک داگیرکراوە و ئازادیی لێ دابڕاوە، هەر ئەمەشە وادەکات کارێکتەرەکان هەست بە ئازادی نەکەن و هەڵبژاردن و بڕیارەکانیشیان پەیوەستە بەو دۆخەی حزب دروستیکردووە. ئەو ڕووحە ئازادەی بەدوای هەناسەی ئازادییدا دەگەڕێت، لە کۆتاییدا لەناودەبرێت، ئەمەش هەڵگری ئەو پەیامەیە کە سیستەمە تۆتالیتارەکان لە دەستی کەسێکی دیکتاتۆردا بێت، هەموو ئازادییەکان لەناودەبات لەپێناو دەسەڵات و مانەوەی خۆیدا، هەربۆیە بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازادی لێ زەوتنەکرێت، دەبێ بەرگری لە ئازادی بکات، چونکە بوون بەبێ ئازادی ناتوانێ مانا بە جەوهەری بوونایەتیی خۆی بدات؛ مرۆڤ و ژیان بەبێ ئازادی لە مانا دەکەون. 

_____________

لیستی سەرچاوەکان:

_ جۆرج ئۆروێڵ، ١٩٨٤، و: حەکیم کاکەوەیسی، چاپی سێیەم ٢٠١٨، چاپخانەی ئەندێشە.

 _ ت. ز. لاڤین، لە سوقراتەوە تا سارتەر، و: ئارام مەحمود ئەحمەد، فەلسەفە بۆ هەمووان، چاپی یەکەم ٢٠١٧، چاپخانەی حەمدی.

_ مهیرداد میهرین، قوتابخانە فەلسەفییەکان، و: سیدۆ داود عەلی، چاپی یەکەم ٢٠٠٩، چاپەمەنی گەنج / سلێمانی.

_ کۆمەڵێک نووسەر، بوونگەرایی ڕێبازێکی فکری و فەلسەفی، و: کۆمەڵێک وەرگێر، ساڵی چاپی یەکەم ٢٠١٦، چاپخانەی سەردەم _ سلێمانی

_ مۆریس کرانستۆن، سارتەر لە نێوان فەلسەفە و ئەدەبدا، و: سامان عەلی حامید، چاپی یەکەم ٢٠٠٨، چاپەمەنی گەنج / سلێمانی.