​زامەکانمان تەنیا شوێنەواری خەنجەر نین

مێژوویەکن و.....

لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی نووسراونەتەوە

هەر برینێکمان پڕە لە هاواری بێدەنگی

ئاخ.... لە چ بێدەنگیەکداین؟

هەر ئازارێکمان، چیرۆکێکی لە هەگبەدایە و

بۆ نەوەکانی جێدەهێڵین

​خەمی ئەم نیشتمانە هەلا هەلای کردووین

وەک شوشەیەک بە مستی خۆمان شکابێ

یان هێلانەیەک بەدەستی خۆمان سوتابێ

خەمی ئەم نیشتمانە

چۆتە نێو رەگی درەختەکان و

بەنێو دەماری گەشمردەکاندا رەتبووە .....

جارێکی دی زامەکانیان دەکاتەوە،

ئاخ لە چ بێدەنگیەکداین؟

نەخشەی نیشتمانێکی ئەنجنکراو

خوێنی لەبەر دەڕوا و

دڵەکان وشک دەکاتەوە

زامێکە....

بۆ هەمیشە دەرگای ئازارەکانمان بۆ واڵا دەکا

بێدەنگیمان لە خەنجەری جەلادەکان بکوژتر و

لە شمشێری هاوسێکانمان تیژترە

ئاخ.... لە چ بێدەنگیەکداین؟

ئەوە زامی خاکە دەمی کراوەتەوە .....

هەور تیماری دەکا

ناڵەی چیایە خەریکی پارچە بوونە و .....

تەور برینداری دەکا

وەک نەڕەی باڵندە فافۆنەکانی ئاسمان

کەبەسەرماندا دەبارن و

درەختەکانمان بەڕەگەوە دەبەن و

زامەکانی خاک دەکەنەوە،

هەور و با

ئەزموون و دەسکەوتەکانمان بابردە دەکەن

ئاخ...لە چ بێدەنگیەکداین؟.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا