
هەمزە گوڵانی
دوای مەلا بانگ دان؛
نییەتی دوو ڕکات سەفەرم هێنا
ڕێگا بەژانی لە دایک بوونی هەنگاوەکانم
کەوتە ئاخ و ئۆف.
ڕۆیشتنم سەرەتایەکی بزۆز بوو
کە لە شەوانی تۆف، تاریکی ییانووی پێ دەگرتم
هەورە تریشقەیەکی تەڕ نەیدەهێشت بکەوم
ناڵەی شەو دەگەیشتە گوێی ئاسمان
کازیوە دەیگووت،
ڕامەوەستە بەیان ئەنگووت.
لە گەڵ ڕێ، بوومە هاوڕێ
نامەیەکم بە ڕێنوسی باران پێگەیشت
یەکەمجار بوو کچێکی شۆخ
بە زمانێکی تەناهی هاندەرم بێ،
کە هەتا سەر ترۆپکی خۆشەویستی نەسرەوم.
لە وەڵامدا بۆم نووسیی:
تەسبیحی دەستم وردە نیگای چاوەمەستەکانی تۆن
بە سەدو یەک دەنکی خوا پەرست بەڵێنم داوە،
جوانی ئاسۆی سەرکەوتنم لەگەڵ تۆدا بەش بکەم
من و ڕێ،
دەستمان خستە ناو دەستی یەکتر
بەکۆمەڵێک بیرەوەری ساردو گەرم درێژەمان پێدا...
هەندێک حیکایەتی دووری بۆ گێڕامەوە
کە بە چاوی ئاسایی نەدەبینران
هەستی بردمە شوێنی بەرز و
سەرنجی بۆ لاپاڵە نسرمەکان ڕاکێشام.
ڕێگا زمانی دارو دەوەنی دەزانی
بەردی دەهێنایە وەڵام
درەختی بەساڵدا چووی دەخستە قاقای پێکەنین
ئاوی دەلاواندەوە
باڵندە ئاواز دانەرەکانی بانکهێشتی ئێوارە دەکردن
بە سۆزی کەناری زەردەپەڕی هێنایە سەرخوان
ڕێ، ڕێ ڕێ بووە؛
لێ لە ڕاستەڕێدا هێشتا تۆ هەی
کە هەگبەت پڕە لە خەمی جوان
لە خەونی ئاڵوو، واڵا
لە زامی زەمان.
پێم گوت ئەی ڕێ؛
زۆرت گلاندن کە دەستم بەدامێنیان هەڵناگا
زۆرت خستنە دەرەوەی خۆت
ئەی چ لە زاهیدێکی قیبلە دۆڕاوی وەکو من دەکەی؟
کوا نالی لە تۆ دەپرسم
با تەپ و تۆزی شارەزوور وەڵامم بداتەوە،
بۆچی لە مەهجەر سەری خستە سەر ڕانی خەیاڵ؟
کوا مەولانا؟
کە لەدوورەوە بەخونچە گوڵی ڕەزانی گوتبا شکۆفە بکە،
دەمی پڕ دەبوو لە ئاونگ.
کوا "حاجی"؟
من چ لە کۆتەڵێک بکەم
کە سەری پڕ کەسەری
لە پێناوی نەتەوەدا بەخشییە دەر بەدەری؟
کوا "خانی"؟ کە مەم و زینەکەی نووسی
چی کەمتر بوو لە شانامەی فیردەوسی "تووس"ی *
کوا جگەر خوێن؟
کوا وەفایەکت بۆ وەفایی
پێم بڵێ:
ئاوایه ڕێگای عاشقان" ؟
هێشتا شێتانە ڕێ دەکەم و
تەرمی ئەقڵ لە بەرو پشتی ڕێگا کەوتووە
ئەی ڕێ
سوێند بە هەوراز و لێژت
سوێند بە پێچ و گەوەت
بەدارو دەوەنی دەورو بەرت سوێند
بەو ڕووبارانەی سوار لەپشتی ئەسپ دەگلێنن
بە شەماڵی سەرکەش و
زریانی بێ ئۆقرەییت...
من ڕێبوارێکی دڵسۆز و
هەڵگری "پەیمانی ئاکار"م
ڕاست نەبی لەگەڵم هەرچی کتێبی خوێنمە،
ئاگر ئەدەم و خۆڵەمێشەکەیان بەسەر دەریادا بڵاو دەکەمەوە!
* تووس" شاری لە دایک بوونی ئەبولقاسمی فیر دەوسییەو
هەر لەشاری " تووس" نێژراوە.
