حەمەسەعید حەسەن

 

که‌سانی وا هه‌ن، نه‌ماندیون، که‌چی وا هه‌ست ده‌که‌ین، ده‌یانناسین. ژیلا حوسه‌ینی یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، هه‌رچه‌نده‌ نه‌مبینیبوو، به‌ڵام وام هه‌ست ده‌کرد له‌ نزیکه‌وه‌ ده‌یناسم. هه‌ر له‌ناکاو، له‌ دووره‌وه‌ بووینه‌ ناسیاوی یه‌کتر. هه‌ر له‌ یه‌که‌م نامه‌وه،‌ گه‌رموگوڕ وه‌ک ناسیاوێکی دێرین هاته‌ گۆ و نامه‌ و شیعره‌کانی له‌گه‌ڵ خۆیاندا چه‌پکه‌تیشکی خۆریان بۆ ده‌هێنام. هه‌ندێک خۆ به‌ شاعیر زان هه‌ن، هیچیان پێ نییه‌، شیاوی گوتن بێت، هه‌ندێکی تر شتیان پێیه‌، به‌ڵام پێمانی ناڵێن، ژیلا هه‌میشه‌ شتێکی پێ بوو، گوتنی باڵداری ئه‌و، هۆنراوه‌کانی بوو.

ژیانی ژیلا له‌ دارستانی شمشێردا، له‌ مه‌ڵبه‌ندی بڤڤه‌ و حه‌رام و قه‌ده‌غه‌دا، هه‌رچه‌نده‌ کورت بوو، به‌ڵام تا داهاتوویه‌کی دوور، مانگێکه‌، تریفه‌که‌ی ڕێی ڕێبوارانی کاروانی ئازادی و یه‌کسانی ڕۆشن ده‌کاته‌وه‌. ژیانی کورتی په‌ڕ و باڵه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی نیازی فڕینیان هه‌یه‌، ژیانی مامۆستای گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی یاخیبوون و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ بوو. په‌یامی ژیانی ژیلا، دیوارێکی ڕووخاند، ده‌رگایه‌کی خسته‌ سه‌ر پشت و په‌نجه‌ره‌یه‌کی کرده‌وه‌.

که‌ دایان به‌ شوو، یان خۆی گوته‌نی: (که‌ دڵیان کوشت و له‌شیان هه‌ڵپه‌ڕاند،) ژیلا پازده‌ ساڵان بوو. ئیدی چوار پێنج ساڵێ له‌ هه‌واری ژنومێردایه‌تیدا که‌ هه‌ر له‌ ژووری تاکه‌که‌سی زیندانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار ده‌چوو، به‌سه‌ر برد. ژیلا که‌ به‌ منداڵی به‌ مێردیان دا، وه‌ک له‌ش ماڵی باوکی به‌جێ هێشت، به‌ڵام دڵی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌برد، زۆری ئازار چێشت تا فێربوو، بتوانێت بۆ هه‌ر کوێ چوو، پێش وه‌خت دڵی بنێرێت. ژیلا ته‌وارێک بوو، چه‌ند جارێک پێکرا، به‌ڵام ده‌سته‌مۆ نه‌کرا. ئه‌و که‌ باسی ژیانی خۆی ده‌کرد، باس ته‌نیا هه‌ر باسی خودی خۆی نه‌بوو، باسی سه‌رده‌مه‌که‌یشی بوو. ده‌یزانی ناتوانێت به‌ شنه‌ی شیعر، ڕێڕه‌وی که‌شتیگه‌لی کۆمه‌ڵ بگۆڕێت، به‌ڵام له‌وه‌ دڵنیا بوو، شیعر تیرۆژێکه، سه‌ر به‌و زیندانه‌ تاریکه‌دا ده‌کات که‌ به‌ ناڕه‌وا ناوی (ژیان)ی لێ نراوه‌.

ژیلا ده‌یویست به‌ شیعر جیهان جوانتر بکات، به‌ دره‌ختی وشکهه‌ڵاتووی ژیانه‌وه‌، شیعری ئه‌و گه‌ڵایه‌کی سه‌وز بوو. ئه‌و ده‌یویست مانایه‌ک بۆ ژیان بدۆزێته‌وه‌، کۆنفیشیۆس ده‌ڵێت: (ئافره‌تی ڕێزدار و باڵا، ئافره‌تی نه‌زانه‌.) ژیلا ده‌یویست پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌ نائینسانییه‌ بسه‌لمێنێت. جه‌لاله‌دینی ڕوومی ده‌بێژێت: (ژن تیشکێکه‌ له‌ ڕووناکیی پیرۆز،) ژیلا له‌ شه‌وی یه‌ڵدای نیشتماندا، چه‌پکه‌تیشکێک بوو. ئیبنولعه‌ره‌بی هه‌قی ته‌نیا له‌ ژندا ده‌بینی، ژیلا ژنێک بوو له‌ هه‌قیقه‌ت.

ژیلا وای ده‌نووسی، زۆربه‌ لێی تێده‌گه‌ییشت و هه‌ڵبژارده‌یش به‌ شاعیری ده‌زانی، شیعری ساکار بوو وه‌ک خۆی، ته‌مومژاوی و ئاڵۆز نه‌بوو، به‌ڵام ته‌نکیش نه‌بوو، قووڵ بوو. ژیلا تینووی هه‌وری ئازادی بوو، بڵند فڕی تا ده‌می گه‌ییشته‌ کانیاوی هه‌وری پیرۆز، (ئه‌وانه‌ی توانای فڕینیان نه‌بوو، ئه‌و ژنه‌ مه‌زنه‌یان بچووک ده‌بینی.)** ژیلا ده‌رگای ئاسنینی باوه‌ڕی چه‌قبه‌ستووی دێرینی شکاندبوو، سنووری شووره‌ی چین ئاسای ڕێسای نه‌ریتی باوی به‌زاندبوو. ئه‌و سه‌لماندی، ئینسان له‌وه‌ باڵاتره‌، وه‌ک کاڵایه‌ک سه‌رنجی بدرێت و گه‌ر بخوازێت و هه‌وڵی بۆ بدات، ده‌توانێت کۆت و پێوه‌نده‌ دێرینه‌کان بشکێنێت و خۆی سه‌روه‌ری خۆی بێت.

ژیانی ژیلا درامایه‌ک بوو، پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ لوتکه‌، ده‌رهێنه‌ری مه‌رگ په‌رده‌ی دادایه‌وه‌. ژیلا خۆی به‌ جوانییه‌تی کۆچی کرد، به‌ڵام شیعری جوانی ئه‌و، هه‌ر به‌ گه‌نجییه‌تی ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وی خاوه‌نی هونه‌رێکی ڕاسته‌قینه‌ بێت، خاوه‌نی ژیانێکی ڕاسته‌قینه‌یشه، شاعیری ڕاسته‌قینه‌ له‌ هه‌موو شوێنکاتێکدا، به‌ره‌و ڕووی ئه‌رکێکی دژوار ده‌بێته‌وه‌: چۆن له‌م جیهانه‌ پڕ له‌ دووڕوویی و سته‌مه‌دا، بژی و سه‌ری لێ نه‌شێوێت؟ چون به‌رگه‌ی ئه‌م جیهانه‌ نائینسانییه‌ بگرێت؟ چۆن له‌م جیهانه‌ پڕ له‌ کاره‌ساته‌دا، ئاوه‌ز له‌ ده‌ست نه‌دات؟ چۆن ڕێگه‌ نه‌دات، توانای خه‌وبینینی لێ زه‌وت بکرێت؟

ژیلا ده‌یزانی ژیانێکی نوێ له‌سه‌ر شێوه‌ی کۆن به‌ڕێوه‌ ناچێت، بۆیه‌ شێوازێکی ناباوی بۆ ژیان هه‌ڵبژارد و ئه‌وه‌ی به‌ شیعر نه‌یگوت، به‌ ژیان گوتی. شیعره‌کانی درێژه‌پێدانی ژیانی بوون، ژیانی شیعرێکی درێژ بوو. له‌ناو شیعری ژیلادا هه‌ستێکی گه‌رم هه‌یه‌، ده‌ڵێیت دره‌خته‌ و په‌لی کێشاوه‌، ده‌توانیت ده‌ست درێژ بکه‌یت و ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌یت. ژیلا شاعیرێک بوو یاخی، ژنێک بوو ئازاد، چونکه‌ یاخیبوونی هه‌ڵبژارد، بۆیه‌ چه‌ند ساڵێک ژیا، ئاخر ئه‌وانه‌ی به‌ کۆیله‌یی ده‌مێننه‌وه‌، هیچ ناژین، با ته‌مه‌نێکی درێژیش به‌سه‌ر به‌رن. که‌له‌پوور باوکێکی که‌لله‌ڕه‌قه‌، تا نه‌یکوژین، ئازادیمان ده‌ستگیر نابێت، ژیلا خۆی له‌ دابونه‌ریتی بابسالاری ڕاپسکاند و هاواری کرد: ڕیشی پاشا په‌تی سێداره‌یه. ژیلا نموونه‌ی جوانیی بوو، له‌ جانه‌وه‌ر یاخی بووبوو.

برۆدۆن ده‌یگوت: (مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ له‌ دایک نه‌بووه‌، باوه‌ڕێکی حازر ببێته‌ زنجیری ده‌ست و پێی بیرکردنه‌وه‌ و ڕوانینی،) بۆیه شوێنی سروشتیی که‌سێکی وه‌ک ژیلا، سه‌نگه‌ری یاخیبووان بوو، ئاخر ئه‌و باڵنده‌یه‌ک بوو که‌ سنووری ده‌به‌زاند، داوای مۆڵه‌تی نه‌ده‌کرد. ژیلا به‌ نامۆیی ژیا و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری ڕانه‌هات، هه‌میشه‌ وه‌ک کارمامزێک که‌وتبێته‌ بۆسه‌وه‌، چاوی ده‌گێڕا، گوێی قوڵاخ ده‌کرد،  بیری له‌ ده‌ربازبوون ده‌کرده‌وه‌ و نه‌یده‌هێشت ڕاوچییه‌کان بیگرن و ماڵیی بکه‌ن. ژیلا گوڵێکی کێوی بوو، گوڵه‌پلاستیکێکی سه‌ر مێز نه‌بوو، ده‌یزانی هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر بگونجێت، ده‌مرێت و له‌ (ئیبسن)ه‌وه‌ فێر بووبوو، هه‌میشه‌ که‌مایه‌تی له‌سه‌ر هه‌قن، هه‌میشه‌ زۆربه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چن.

ژیلا ده‌یزانی به‌ ئازادی بیرکردنه‌وه‌ و به‌ ئازادی ژیان مه‌حاڵه‌، ئه‌گه‌ر له‌ کولتووری کۆن که‌ پیره‌دره‌ختێکه‌ به‌ زه‌بروزه‌نگ ئاو ده‌درێت، خۆت ڕزگار نه‌که‌یت. غه‌زالی ده‌یه‌وێت ئه‌وی له‌ ڕێی ڕاست لای دا، به‌ توندوتیژی بهێنرێته‌وه‌ ژێر بار، ژیلا له‌و ڕێ راسته‌ لای دابوو، له‌به‌رده‌م دێوی زه‌بروزه‌نگدا چۆکی دانه‌دابوو.‌ مارکس ده‌ڵێت: (تا چینێکی شۆڕشگێڕ په‌یدا نه‌بێت، بیروباوه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ دایک نابێت.) له‌ کوردستاندا، چینی شۆڕشگێڕ بزر بوو، به‌ڵام ژنێکی شۆڕشگێڕ حازر بوو، ژیلای ناو بوو.

ڕژێمی سته‌مکار ده‌یه‌وێت چرای ناخی ئینسان خامۆش بکات، ڕێ له‌ هه‌ڵچوونی گڕکانی خواسته‌کانی ده‌گرێت، ده‌خوازێت مرۆڤ چاو نه‌بڕێته‌ داهاتوویه‌کی گه‌شتر، ده‌یه‌وێت جیهان بۆ ئینسانیش باخێک بێت له‌ شێوه‌ی باخی ئاژه‌ڵان. ژیلا له‌و بازنه‌ و مه‌رزانه‌دا گیری نه‌خوارد، که‌وی نه‌کرا و ئینسانبوونی خۆی له‌ ده‌ست نه‌دا. ژیلا هه‌وڵی بۆ تێکشکاندنی بته‌کان بوو، ده‌یویست جیهانی پڕ سته‌م خاپوور ببێت. چه‌کی ده‌ستی ته‌نیا شیعر بوو، شیعر په‌پووله‌یه‌ و دوژمنانی شمشێروه‌شێنن. ژیلا له‌وه‌ زیاتر چی پێ ده‌کرا؟ ده‌یویست به‌ جوانیی شیعر، پشتی جیهانی دزێو له‌ زه‌وی بدات، ئه‌و ژنێک بوو شاعیر، هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌شێک له‌ جوانییه‌که‌ی ده‌نارده‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕێکی نابه‌رانبه‌ره‌وه‌، هه‌ر ڕۆژه‌ی شیعرێکی ده‌نووسی.

ژیلا خۆی بۆ گه‌لێک شت ئاماده‌ کردبوو، چاوه‌ڕێی زۆر شتی ده‌کرد، به‌ڵام خۆی بۆ مردن ئاماده‌ نه‌کردبوو، نه‌یده‌زانی وا زوو دێت، هێشتا به‌ ته‌واوی به‌ هه‌ورازی سه‌ختی ژیاندا هه‌ڵنه‌گه‌ڕابوو، چ زوو به‌ نشێویدا شۆڕ بووه‌وه‌ و گه‌ییشته‌ داوێنی؟ زووبوو، زۆر زووبوو، کاتی ماڵئاوایی نه‌بوو. ژیلا، لۆرکا گوته‌نی: (کۆترێکی سپی بوو، له‌به‌رده‌م پڵنگی مه‌رگدا هیچی بۆ نه‌کرا.) چیرۆکی ژیانی هێشتا له‌ نیوه‌ی زێتری مابوو، چ زوو ڕێککه‌وت گوتی: چه‌پکێ گوڵ و چه‌پکێ نیرگز.

*

No description available.