
سیسته‌م، چه‌مكێكه زووزوو له میدیا و نوسراوه‌كاندا به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت. ئه‌ویش له‌پاڵ هه‌ندێك چه‌مكی تری وه‌ك گوتار، دونیا، دونیابینی، گشت، نه‌زم، و هتددا. له زمانی كوردییشدا كه باسی سیسته‌م ده‌كرێت، عاده‌ته‌ن دوو مانای لێ ده‌فامرێته‌وه. یه‌كه‌میان، سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵات. دووه‌میان، یاسایی و ئیداری. گرنگه بپرسین سیسته‌م خۆی وه‌ك چه‌مك چیه؟
سیسته‌م، په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌ره‌كیی به چه‌مكی گشت (whole)ـه‌وه هه‌یه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار هه‌ر ده‌كاته هاومانای گشت، چونكه هه‌ردووكیان ئاماژه‌ن بۆ كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌زی پێكه‌وه‌به‌ستراو كه په‌یوه‌ندییه‌كی ناوه‌كییان پێكه‌وه هه‌یه و پێكڕا یه‌ك "بونیاد" پێكده‌هێنن. به‌شه‌كانی یه‌ك سیسته‌م، به‌ڕێكه‌وت نه‌چوونه‌ته‌پاڵ یه‌كتر، به‌ڵكو خه‌سڵه‌ت به یه‌كتری ده‌به‌خشن و چاره‌نووسی یه‌كدی دیاریده‌كه‌ن هه‌تا گه‌ربێتو هه‌ندێكیان دژی یه‌كتریش بن. ساده‌ترین نمونه، له‌شی مرۆ خۆیه‌تی كه هه‌ر ئه‌ندامێك وه‌ك به‌شێك له په‌یوه‌ندییدایه به به‌شه‌كانی تره‌وه و پێكه‌وه سیسته‌مێك درووستده‌كه‌ن. وه‌كچۆن زمان سیسته‌مه، ده‌وڵه‌تیش هه‌ر سیسته‌مه و هتد.
هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووی بیركردنه‌وه‌وه، مرۆڤ ئاره‌زووی هه‌بووه سیسته‌م پێكه‌وه‌بنێت. یۆنانییه‌كان یه‌كه‌م خه‌ڵك بوون كه به‌ڕوونی نه‌خشه‌هێڵی سیسته‌میان كێشا. ئه‌رستۆ جیهانی وه‌ك سیسته‌مێك ده‌بینی كه پارچه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی و زیندوویان پێكه‌وه هه‌یه. هه‌تا له‌شی زینده‌وه‌ر، سیسته‌مێكه كه ته‌نیا له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كان پێكنه‌هاتووه؛ به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی ژینه‌كی له‌نێوان ئه‌و ئه‌ندامانه‌دا هه‌یه. له مۆدێرنه‌دا، دیسان چه‌مكی سیسته‌م به‌رهه‌مدێته‌وه؛ به‌ڵام پتر وه‌ك ماشێن. له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌وه، زانستی نوێ جیهانی وه‌ك ماشێنێك ده‌بینی كه یاسای ئیشكردنی خۆی هه‌یه. بۆ نمونه لای دیكارت و نیوتن، وه‌ك دوو نوێنه‌ری فه‌لسه‌فه و زانستی مۆدێرن، جیهان گۆڕا بۆ ماشێنێكی ژمێرده و میكانیكی و ڕێك. هه‌ر له مۆدێرنه‌دا، هیگڵ جارێكی تر سیسته‌می پێناسه‌كرده‌وه. سیسته‌م بۆ هیگڵ، بریتی بوو له گشتێكی زیندوو كه له‌ناوه‌وه پڕه له نه‌فی و دژیه‌كی و بزووتن. هاوكات ئه‌م سیسته‌مه مێژووی خۆی درووستده‌كات. هه‌ر له به‌راییه‌كانی فیكری مۆدێرندا، ماركس ده‌ستكارییه‌كی تری چه‌مكی سیسته‌می كرد. باشتر وایه بڵێین ده‌ستكاریی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی كرد. سه‌رمایه‌داری لای ئه‌و بریتی بوو له سیسته‌م، سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری پێكه‌وه. وشه‌ی سیسته‌م له‌مڕۆشدا، پتر هه‌ر ئه‌و زرینگانه‌وه ماركسییه‌ی هه‌یه. سیسته‌م بۆ ماركس ئه‌و كۆیه بوو كه بواره‌كانی ئابوری و ئایدۆلۆژیا و كه‌لتور تێكڕا به‌ستراون به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه. ته‌نانه‌ت بچوكترین دیارده‌ی ڕۆژانه، به‌پێی لۆژیكی ناوه‌كیی سیسته‌م كارده‌كات.
له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، چه‌ندین ڕێباز و قوتابخانه‌مان هه‌ن كه به‌شێوه‌ی جیاجیا په‌رژاونه‌ته سه‌ر سیسته‌م. یه‌ك له‌وانه ڕێبازی بونیادگه‌ری (ستره‌كچه‌راڵیزم)ـه كه له ڕێی زمانه‌وه تێگه‌یشت كۆمه‌ڵگا خۆیشی هه‌ر سیسته‌مێكه له چه‌شنی زمان. په‌یوه‌ندیی نێوان دال و مه‌دلول، وشه و وشه؛ خۆی ڕێسایه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندیی نێوان تاك و كۆ، یان مرۆڤ و بونیاده جیاجیاكان تێبگه‌ین. به‌پێی ئه‌م تێگه‌یشتنه، بونیاده سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كان ئازادیی تاكیان كه‌مكرده‌وه. سیسته‌م، وه‌ك جه‌برێكی لێ هات كه ده‌رچوون لێی ئاسان نه‌بێت.
ئه‌مڕۆش كه باسی سیسته‌م ده‌كرێت، هه‌م مه‌به‌ست له سیسته‌می جیهانیی سه‌رمایه‌یه؛ هه‌م به‌شه‌كانی ناویشی له چه‌شنی میدیا، بیرۆكراسییه‌ت، و ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام هه‌ر له فیكری هاوچه‌رخدا، هه‌وڵده‌درێت سیسته‌م وه‌ها تیۆریزه‌بكرێت كه ته‌واو داخراو نییه، و ڕێیه‌كی ده‌رچوونی هه‌یه. ئیدی ئه‌و ڕێیه هونه‌ر و ئێستاتیكا بێت، یانژی یاخسیبوونی سیاسی، یاخۆ بزووتنه‌وه په‌راوێزییه‌كان یاوه‌كو هه‌ر ده‌رپه‌ڕینی به‌شێك بێت له سیسته‌مه‌كه له فۆرمی تراوما، شێتی، تاوان، ته‌قینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و هتتدا. واته ڕه‌گه‌زێك له سیسته‌مدا ده‌مێنێته‌وه كه بۆی هه‌رس نابێت.
جاروبار ده‌وترێت له كوردستان سیسته‌م بوونی نییه. به‌ڵام سیسته‌م زۆر په‌یوه‌ندیی به پێشكه‌وتن و پاشكه‌وتنه‌وه نییه، به‌ڵكو پێكداچوونی كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیی ستوونی و ئاسۆییه كه لای خیڵ و له ده‌وڵه‌تی مۆدێرنیشدا هه‌ر هه‌یه. له هه‌ركوێ كۆمه‌ڵێك یاسای نه‌نوسراو، په‌یوه‌ندیی دووباره، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتت هه‌بوو یانی سیسته‌میش هه‌یه. ئیدی سیسته‌مه‌كه شه‌فاف و نوێخوازه یان نا، خۆی پرسێكی تره.
