دیمانە: شاناز جەمیل ـ سۆران 

سایە عەبدوڵڵا، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨ـی شاری ڕواندزە و هەر لەوێش نیشتەجێیە. قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە. ماوەی سێ ساڵە دەستی بە کاری دروستکردنی شیرینەمەنی کردووە؛ جگە لە شیرینی، هەموو جۆرە خواردنێکی کوردەواری و خواردنی خێرا (فاست فوود) بەپێی خواستی کڕیارەکانی دروست دەکات. 

پرسیار: تا چەند پێویستە ئافرەتان توانا و بەهرە کەسییەکانیان دەربخەن؟ هەست دەکەیت ئێستا لە ناوەندەکانی کارکردندا ژنان بوونیان هەیە؟

سایە عەبدوڵڵا: زۆر گرنگە ئافرەتان پەرە بە توانا و بەهرەکانی خۆیان بدەن، بیسەلمێنن ئەوانیش بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن و کۆمەڵگە بەبێ ئەوان باری لارە. ئەوەی جێی خۆشحاڵییە لە ئێستادا بەشێکی  زۆری ئافرەتان هاتوونەتە بواری کارکردن و بەهرەکانیان پیشان دەدەن و شانبەشانی پیاوان کار دەکەن. 

پرسیار: وێڕای ئەوەی کە حکوومەت ساڵانە کەمترین ڕێژەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێنێت، ئایا پێویست نییە تاک بە گشتی و ئافرەتان بە تایبەتی، هەلی کار بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن؟

سایە عەبدوڵڵا: بە دڵنیاییەوە؛ دەبێت ئافرەتان هەوڵی جیددی بدەن بۆ ئەوەی لە بوارێکدا کاربکەن و سەربەخۆیی ئابووری خۆیان مسۆگەربکەن، تاوەکوو زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. 

پرسیار: لەم دۆخی بێمووچەیی و گرانیی بازاڕدا، کارکردنی ژنان تا چەند ئەرکی سەرشانی پیاوان سووک دەکات؟

سایە عەبدوڵڵا: ئەگەر لە خۆمەوە سەیر بکەم، پێم وایە کارکردنی ژنان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئاسانکردنی ئەرکی سەرشانی پیاوان. هەروەها پێویستە ئافرەتان بە گشتی بیر لەوە بکەنەوە کە کار بکەن و ڕۆڵیان هەبێت، چونکە لە سەردەمی ئێستادا قورسە بتوانین تەنیا بە یەک سەرچاوەی داهات ژیان و گوزەرانمان بەڕێوە ببەین. 

پرسیار: بوونی ئابووری و داهاتی سەربەخۆ، تا چەند پرسی ئازادی و مافی ژن دەستەبەر دەکات؟

سایە عەبدوڵڵا: تا ڕادەیەکی زۆر. دەتوانم بڵێم داهاتی سەربەخۆ مافی زیاتر بۆ ئافرەت دەستەبەر دەکات، هەروەها دەتوانێت لە زۆر بواردا خۆی بڕیار بدات و پلان و بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەبێت. 

پرسیار: ئامانجت چییە لە پیشەکەت؟ جگە لەو کارەی خۆت کە دروستکردنی شیرینەمەنییە، چ کارێکی تر دەکەیت؟

سایە عەبدوڵڵا: پلان و ئامانجم ئەوەیە لە داهاتوودا بتوانم ببمە خاوەن دوکانێکی خنجیلانەی تایبەت بە خۆم و هەر بە ناوی خۆشمەوە بێت بە ناوی (سایە سوییت - Saya Sweet)، بۆ ئەوەی بتوانم لەو ڕێگەیەوە هەلی کار بۆ ئافرەتانی دیکەش بڕەخسێنم. جگە لەم پیشەیەم، هیچ کارێکی ترم نییە. 

پرسیار: کام جۆرە شیرینەمەنییەی لای تۆ زۆرترین داواکاریی لەسەرە؟ چۆن فێری ئەم کارە بوویت؟ هەروەها چۆن شیرینەمەنییەکانت دەپارێزیت و دەیاننێریت بۆ کڕیارەکانت؟ ئایا بۆ بۆنە و ئاهەنگەکانیش ئامادەی دەکەیت؟

سایە عەبدوڵڵا: تەنیا لەسەر دەستی دایکم فێری ئەم کارە بووم. خواستی زۆر لەسەر بڕمە و کولیچەکانمە. شیرینییەکان لەناو دەفر و سندوقی پاراستنی تایبەت (حافیزە) بە شێوەیەکی ڕێک‌وپێک بۆ کڕیارەکانم بەڕێ دەکەم. ئەگەر بۆ شوێنێکی دووریش بێت، جگە لە دەفرەکە، لەناو کارتۆنیش دایان دەنێم بۆ ئەوەی وەک خۆی و بێ ئەوەی تێکبچێت بگاتە شوێنی مەبەست. بەڵێ، بێگومان بۆ بۆنە و ئاهەنگەکانیش ئامادەی دەکەم. 

لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی بەڕێزتان و بە تایبەتی ڕۆژنامەی (ڕێگای کوردستان) دەکەم کە بەردەوام کەسانی چالاک و خاوەن بەهرە بەسەر دەکاتەوە و ڕێز لە ماندووبوونیان دەگرێت. هیوای بەردەوامییتان بۆ دەخوازم.