شەرمین عەبدوڵا ڕەواندزی یەکێکە لە ژنە نووسەر و هونەرمەندەکانی شاری هەولێر، خاوەنی چەند  بەهرەیەکی جیاوازە . لە ساڵی نەوەدەکانەوە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە و هاوشان کۆمەڵێ بەرهەمی نووسراو  و وەرگێڕانی هەیە. خاوەنی دە بەرهەمە، هەندێکی وەرگێڕانە لە زمانی عەرەبییەوە و هەندێکی لە نووسینی خۆیەتی. هەروا هونەرمەندێکی شێوەکارە و لە دوو پێشەنگەی شیوەکاری بەشداری کردووە. شایانی باسە دەنگێکی خۆشی هەیە و تا ئێستا دوو گۆرانی تۆمارکردووە. بۆیە حەزمان کرد وەک لاپەڕەی ئافرەتان گفتوگۆیەکی خێرای لەگەڵ بکەین وەک نموونەی ئافرەتێک لە چەند بوارێکی جیاوازدا تواناکانی خۆی سەلماندووە و پەرەی پێداوە. 
بۆ رۆژی 8ی مارس 2026 لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانی ئەوڕوپی خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرت


ڕێگای کوردستان: لەگەڵ ئەوەی چەند بەهرەیەکت  هەیە،  بەڵام چی وای لێکردی  زیاتر ڕوو بکەیتە کاری ڕۆژنامەگەری؟
ـ هەڵبژاردنی ڕۆژنامەنووسی من بە ڕێکەوت نەبوو؛ درێژکراوەیەکی سروشتی خولیای قووڵی من بوو بۆ وشە و دەنگ و وێنە ، پێم وایە بەهرە بەتەنها بەس نییە ئەگەرنەکرێتە پەیام 
 ڕۆژنامەنووسی ئەم پلاتفۆرمەی پێبەخشیم تا هەست و هونەر و ئەزموونەکەم بگۆڕم بۆ کاریگەرییەکی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگەدا ،  من ڕۆژنامەگەریم هەڵبژارد چونکە لە مرۆڤەکانەوە نزیکترینە، هێزی ئەوەی هەیە ڕاستییەکان بگەیەنێت و دەست لە دڵەکان بدات و بەرگری لەو هۆکارانە بکات کە شایەنی باسکردنن.

ڕێگای کوردستان : ئایا وەک ئافرەتێک چۆن دەتوانی هاوسەنگی نێوان ژیانی خێزانی و بەهرەکانی خۆت دروست کەیت؟

ـ هاوسەنگکردنیان ئاسان نییە، بەڵام بە ئیرادە و ڕێکخستن و باوەڕ بەخۆبوون دەکرێت، من باوەڕم بەوە نییە کە ژن ناچار بێت لە نێوان خێزانەکەی و تەماحەکانیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت؛ دەتوانێت هاوسەنگی خۆی دروست بکات. 
هەندێکجار زۆر ماندوو دەبم، هەندێکجاریش ناچارم سازش لەسەر هەندێک وردەکاری بکەم، بەڵام هەرگیز وازم لە خەونەکانم نەهێناوە ، من جگە لە بەردەوام بوونم بەبەهرەکانم ئەو هێزەم بەخۆم دا کە دوای ساڵانێکی ئیجگار زۆر بگەڕێمەوە خوێندن و پەیمانگە تەواو بکەم و بچمە قۆناغێکی دیکەی خوێندن.  دیارە ئەوانە هەمووی خەونی منداڵیمن کەلەبەر هەر هۆکارێک بێت بۆم نەرەخساوە ، بەڵام هێزو و ورە و متمانە بەخۆ بوون ئاواتەکانت دەهێنێتە دی. من لەو باوەڕەدام سەرکەوتنی ئافرەت تەنها کاتێک تەواو دەبێت کە مرۆڤایەتی و ڕۆڵی خۆی لە ژیاندا بپارێزێت، لە هەمان کاتدا مافی ئەوە بەخۆی بدات کە ئەو کەسە بێت کە خۆی دەیەوێت .
ڕێگای کوردستان: وەک ئافرەتێکی ڕۆژنامەنووس و نووسەر چ ئەلنگارییەک ڕووبەڕووت دەبێتەوە لە بواری کارکردن لە مێدیا؟                                                                                                                              
ـ  ئەلەنگاریەکان زۆرن، لە تێڕوانینە کۆنەپەرستانەکانەوە دەست پێدەکات کە بەهای دەنگی ئافرەت کەمدەکاتەوە، تا دەگاتە نەبوونی پشتیوانی ڕاستەقینە بۆ بەهرەمەندەکان و خۆڕاگری لە ژینگەیەکی میدیایی پڕ لە کێبڕکێ وهەمیشە گۆڕاودا بەردەوام دەبێت .. هەندێک جار گەیاندنی ڕاستییەکان پێویستی بە بوێری هەیە، بەڵام من پێموایە ئەم ئەلەنگاریانەن کە هێز دروست دەکەن، هەرئەوانەن کە وامان لێدەکات زیاتر ئیرادەمان هەبێت وبەردەوامبین وازنەهێنین .

ڕێگای کوردستان: بە ڕای تۆ لەم سەردەمەی ئێستا ڕادەی بەشداری ژنان لە بواری مێدیا و نووسین چۆنە؟

ـ بەشداری ژنان لە ئێستادا لە جاران بەرچاوترە و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی میدیا و ڕۆشنبیریدا، ئامادەییەکی جوان و کاریگەری هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە ژنان هێشتا پێویستیان بە متمانە و پشتیوانی زیاترە، نەوەک تەنها رووکەشی بێت، ئێمە پێویستمان بە بەهێزکردنی ڕاستەقینە هەیە کە بەهایەک بە لێهاتووییان بدات نەک بە لایەنی ڕەگەزی،  پێویستە دەرفەت بە ژنان  بدرێت بڕیاردەر بن نەک تەنها ئامادەییان هەبیت،  من گەشبینم بە داهاتوو چونکە دەنگی بەهێزی مێینە هەن کە بە شێوەیەکی شایستە دەستیان بە سەلماندنی بوونی خۆیان کردووە ... 
دواوتەت؟
دوا وتەم ، پێموایە ڕۆژنامەگەری تەنها پیشە نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی مرۆییە، وشە دەتوانێت مرۆڤ بەرز بکاتەوە یان واقیعێک بشکێنێت ، هەر بۆیە دەبێت بە ڕاستگۆیی و هۆشیارییەوە بنووسێت. 
 سەرەڕای هەموو ئالانگاریەکان، من لەسەر ڕێگاکەم بەردەوام دەبم ، چونکە باوەڕم وایە هەموو دەنگێکی راستی جێگە و پێگەی خۆی هەیە،  ژن توانای ئەوەی هەیە کە ببێتە هێزێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکاری،  کاتێک باوەڕی بەخۆی هەیە و چاوەڕێی مۆڵەتی کەس ناکات. 
زۆرسوپاس بۆ ئەو دیمانەیە ، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان ی ئەزیز