
روخسارەکانی دوای جەنگ، ناونیشانی نوێترین پێشانگای تایبەتی هونەرمەندی شێوەکار حەمە هاشم ـە، پێشانگایەک کە لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە، بە فەرمی لە شاری ئۆرادیا لە وڵاتی ڕۆمانیا دەکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
ئەم ڕووداوە هونەرییە بە بانگهێشتی فەرمی یەکێتی هونەرمەندانی شێوەکاریی ڕۆمانیا و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەنجوومەنی شارەوانی ئۆرادیا ڕێکخراوە، و تێیدا نزیکەی ٥٢ تابلۆی هونەری نمایش دەکرێن کە هەموویان بە تەکنیکی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس ئەنجامدراون.
حەمە هاشم لە ڕێگەی ئەم بەرهەمە هونەرییانەوە هەوڵ دەدات وێنەیەکی قووڵ لە دوورەدیمەنی مرۆیی جەنگ بخاتە بەردەم بینەر، ئەو وێرانکارییانەی کە لە ژیانی تاک و کۆمەڵگا جێگەیان هێشتووە، چ لە جیهان بە گشتی و چ لە کوردستان بە تایبەتی.
تابلۆکان زمانی ڕەنگ و هەست و بیرەوەرییەکانن، گێڕانەوەیەکن لە ئازار، کۆچ، چاوەڕوانی و هیوای دوای تۆفانی جەنگ، (روخسارەکانی دوای جەنگ) تەنها پێشانگایەکی هونەری نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوە لەسەر مرۆڤ، ئاشتی و ئەو ئاسەوارانەی کە جەنگ لەسەر ڕووخساری ژیان جێدەهێڵێت.
