
لە رێگای بەڕێز قونسوڵی ئەڵمانیای فیدراڵ لە شاری هەولێر
بەڕێز: سەرۆك كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ
بەڕێز: سەرۆك وەزیرانی ئەڵمانیای فیدراڵ
بەڕێز: سەرۆكی پەرلەمانی كۆماری ئەڵمانیا
بەڕێز: باڵوێزی ئەڵمانیا لە كۆماری عێراق
بەڕێز كۆنسۆڵی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر
پاش سڵاو
بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكانی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ هاوشان لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا و یابان و .... لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو رۆڵیان هەبوو لە فرۆشتنی بەشی زۆری چەكی كیمیاوی بە رژێمی بەعسی روخاو, ئەویش ئەو چەكانەی لە قەڵاچۆكردنی هاووڵاتیانی كوردستان بەكار هێناو ئاكامەكەشی دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی, نموونەیەكی دیاری تاوانەكانیش كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بوو كە لە رێكەوتی 16-3-1988 لە لایەن رژێمی بەعسەوە, هاوشان لەگەڵ شاری هەڵەبجە 250 جاری دی كوردستان لە نێوان ساڵانی 1987-1988 بەو چەكانە كیمیاباران كران, تا ئێستاش سەدان لەو قوربانیانە كە بە چەكی ئەو وڵاتانە كیمیابارانكراون بە دەم ئازارەوە دەتلێنەوە, ناوە ناوەش بە مردنی هەر یەكێكیان ژمارەی تازە دەخەنە سەر 5000 قوربانییەكەی چەكی كیمیاوی شاری هەڵەبجە و هەزارانی ناوچەكانی دیكە, هەر بەهۆی ئەو تاوانەشەوە شاری هەڵەبجە چووە پەرتووكی گینزەوە وەك یەكەم شار لە مێژووی مرۆڤایەتی كە زۆرترین قوربانی سڤیلی هەبێت بە چەكی كیمیاوی لە مێژووی مرۆڤایەتی.
ئێمە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر كۆبوینەتەوە, وێڕای ئەوەی سوپاسی ئەڵمانیا دەكەین كە هەڵوێستی باشیان هەبووە لە مامەڵەكردنی مرۆڤدۆستانە لە گەڵ پەنابەرانی ئێزیدی و ناساندنی ئەو تاوانەی بەرامبەریان كراوە بە جینۆساید و دادگاییكردنی تاوانبارانی داعشی تیرۆریست و هاوكاری هێزی پێشمەرگە لە شەری دژ بە تیرۆریستان, وە ئەڵمانیا رۆڵی پێشەنگانەی هەبووە لە بەرەو رووبوونەوەی مێژووی رابردووی خۆی لە ئاستی جیهانی بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە رابردوو حكومەتەكانی ئەڵمانیا ئەنجامیان داون, هاوكات وەكو ساڵانی رابردوو چەند داواكاری سەرەتایی دوبارە دەخەینەوە بەردەست ئێوەی بەڕێز, كە بۆ چەندین ساڵە داوایان دەكەین, بە داخەوە بۆ جارێكیش وەڵامتان نەداینەوە, داواكارییەكانیش ئەوەندە زۆرو گەورە نین ولاتێكی وەك ئەڵمانیا نەتوانێت جێبەجێیان بكات, هیوادارین ئێوەی بەڕێز بە رۆڵی مرۆڤدۆستانەی خۆتان هەڵبستن لە پشتیوانیكردن لەم داواكارییانەو نەفرەت لەو مێژووە ناشرینەی رابردوو بكەن كە بە چەكی كیمیاوی كۆمپانیاكانتان بەشداریتان كرد لە لە تاوانەكە وەك زۆر وڵاتی دیكە لەوانە ئەمەریكا و وڵاتانی دیكە لە جیهان, دیارە ئەڵمانیا وڵاتێكی پێشەنگە لە رۆژئاواو جیهان لە قەرەبووی قوربانیان و داوای لێبوردنكردن " هۆلۆكۆست, نامیبیا, ئەرمینیا" نموونەی پرشنگداران لەو بوارە, داواكارییەكانمان بریتین لە:
- حكومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی دان بە تاوانەكانی جینۆسایدی كورددا بنێت وەك جینۆساید, كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی دانی پێدا ناوە, هاوكات تاوانی جینۆسایدی ئێزیدی و كریستانەكان و شەبەك كە هێزی تیرۆریستی داعش ئەنجامی دا.
- حكومەتی ئەڵمانیا بەشداری بكات لە كەمكردنەوەی ئازاری بریندارانی چەكی كیمیاوی لە كوردستان بە چارەسەركردنی بریندارەكان لە وڵاتی ئەڵمانیا.
- لە بری ئەوەی رۆژانە ڤیزا دەدەن بە بارزرگانان و دەوڵەمەندان و بەرپرسانی ئەم وڵاتە و كار ئاسانیان بۆ دەكەن بۆ گەشتكردن, ڤیزا بدەن بە بریندارەكانمان بۆ چارەسەركردنی پزیشكی لە وڵاتەكەتان, وە وەك قەرەبویەك ژمارەیەك كورسی خوێندن بۆ نەوەكانی برینداری كیمیاوی لە زانكۆكانتان تەرخان بكەن.
- پزیشك و دەرمان و كەرەستەی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری برینداران چەكی كیمیاوی دابین بكەن.
- وەك چۆن تاوانبارانی داعش ددگایی دەكات, هەمان هەنگاو بنێت بۆ بە دادگایی گەیاندنی تاوانبارانی تاوانی ئەنفال, هەڵەبجە, جینۆسایدی بارزانییەكان, جینۆسایدی كریستان و شەبەك و كاكەیی و .... وە داداگاییكردنی ئەو كۆمپانیایانەی چەكی كیمیاویان فرۆشتووە بە رژێمی پێشووی عێراق, بۆ ئەم مەبەستە لە ئاستی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەنگاو بنێت .
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
-كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ قەدەغەكردنی چەكی ناوكی و كۆكوژ لە كوردستان-KONW