ململانێی واشنتۆن و تاران ،چارەنووسی هەولێر هەرێمی کوردستان بە کوێ دەکەیەنێت؟

هەرێم چۆن بتوانێت پارێزگاری لە قەوارە و خاکەکەی بکات لە ناو ئەم گێژاوەدا؟

 

ڕێگای کوردستان

 

هەرێمی کوردستان نزیکەی مانگێکە لەژێر بوردوومانێکی چڕی موشەکی و درۆنیدایە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەولێر بە ڕەسمی ڕایگەیاندووە کە نایەوێت ببێتە بەشێک لە ململانێی خوێناوی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران. 
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم چالاکی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانی بەتەواوی سنووردار کردووە تاوەکو هیچ پاساوێکی سەربازی نەداتە دەست تاران، بەڵام هێرشەکان نەوەستاون.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسداران و گروپە چەکدارە شیعییەکانی ناو گروپەکانی (مقاوەمەی ئیسلامی) ئەنجام دەدرێن، پاساوەکان بریتین لە پڕوپاگەندەی بوونی بنکەی (مۆساد) یان لێدانی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام پسپۆڕانی سیاسی ئەمە بە پاساوی سیاسی بێ بنەما ناو دەبەن بۆ شاردنەوەی ئامانجە ڕاستەقینەکان. 
چاودێران پێیان وایە ئامانجی سەرەکی، تێکدانی سەقامگیری ئابوری و سیاسی هەرێم و گوشار خستنە سەر واشنتۆنە لە ڕێگەی هەولێرەوە.

هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم جەنگەوە هەوڵیداوە پارێزگاری لە بێلایەنی بکات، بەڵام جوگرافیای سیاسی وایکردووە بکرێتە قوربانی یەکلاکردنەوەی کێشە نێودەوڵەتییەکان. 

لێکۆڵەران دەڵێن نەیارانی هەرێم دەیانەوێت قەوارەی دەستوری کوردستان لاواز بکەن و پەیامی هێز بنێرن. 
ئەم بوردوومانانە سەلمێنەری ئەوەن کە هەرێم باجی ئەو هاوسەنگییە سیاسییە دەدات کە دەیەوێت لە نێوان جەمسەرە دژبەیەکەکاندا ڕایبگرێت. 
تاران و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت بیسەلمێنن کە هیچ شوێنێکی عێراق لە دەرەوەی هەژموونی سەربازی ئەواندا نییە، تەنانەت ئەگەر ئەو ناوچەیە وەک هەرێمی کوردستان، بە فەرمی دژی تێوەگلان لە شەڕ بێت و لایەنگری ئاشتی و دیپلۆماسی بێت. 
ئێستا هەرێم لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەختدایە کە چۆن بتوانێت پارێزگاری لە قەوارە و خاکەکەی بکات لە ناو ئەم گێژاوەدا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا