لە کاتێکدا ڕۆژانە سەروەریی عێراق پێشێل دەکرێت و هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دەکرێنە ئامانج و بۆردومان دەکرێن،بەڵام حکومەت و لایەنە سیاسیەکان بەبێ دەنگی تەماشای تەرمی کوژراوەکانیان دەکەن و بوێری کاردانەوە ناکەن لەبەرانبەر هێرش و پێشێلکاریەکان، کەچی بۆ کێشەیەکی پەیوەست بە نەوت، سەرجەم هێزە شیعە و سوننەکان یەکیان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان، یەکیانگرتووەو شەڕی میدیاییان دەستپێکردووەو هەڕەشەی توند دەکەن.

کێشە نوێیەکە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە حکومەتی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کرد ڕێگە بدات ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک، لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت. بەڵام ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، بووە بیانوویەک بۆ تەقاندنەوەی ململانێیەکی توند و شەڕێکی میدیایی ڕێکخراو.

دەستبەجێ دوای هەڵوێستەکەی هەرێم، بەشێکی زۆری سەرۆک حزب و حزب و فراکسیۆنە سیاسییەکان بە هەردوو جەمسەری شیعە و سوننەوە، ناکۆکییەکانی خۆیانیان وەلا نا و کەوتنە یەک سەنگەرەوە بۆ پەلاماردان و هەڕەشەکردن لە هەرێمی کوردستان. 

چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن، دەکرا هەرێمی کوردستان وردترو ژیرانەتر مامەڵەی لەگەڵ داواکاریەکەی حکومەتی عێراق بکردایە نەگەیشتایە بەم دۆخەی ئێستا، بەڵام کاردانەوەی ئاگرینی بەغدا نیازە شاراوەکانی هێزە عێراقییەکانی ئاشکرا کرد، سەرکردەکانی بەغدا دەیانەوێت ئەو شکست و ترسانەی لە ئاست هێرشە دەرەکییەکاندا هەیانە، بە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان پەردەپۆش بکەن. 

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، لایەنە عێراقیەکان بە شیعەو سوننەوە، ناکۆکیەکانیان هەر چەند قوڵ بێت بەڵام لەبەرانبەر کورد هەموو ناکۆکیەکان دەخەنە لاوەو خۆیان لە یەک بەرەدا ڕێکدەخەن.

چاودێران ڕەخنە لەلایەنە سیاسیە کوردستانیەکان دەگرن و دەڵێن: پێویستە لایەنە کوردستانیەکان ئەم یەکڕیزیەی لایەنە عێراقیەکان بەهەند وەربگرن و بیرێکی لە ئایندەی خۆیان و خەڵکی کوردستان بکەنەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا