ڕێگای کوردستان

شەڕی میدیایی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چووەتە قۆناغێکی نوێوە و بەکارهێنانی زمانی زبر و هێرشی ڕاستەوخۆ بووەتە سیمای دیاری میدیاکانیان. 

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گرژییە توندە، تەنها ڕەنگدانەوەی کێشە کۆنەکان نییە، بەڵکو بەشێکە لە درێژەدان بەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییانەی کە ساڵانێکە هەرێمی کوردستانیان گرتووەتەوە.

پسپۆڕانی بواری سیاسەت هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە لە شەڕی سارد، زیانی کوشندە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە نەک هەر نێوان ماڵی کورد تێکدەدات، بەڵکو پرۆسەی سیاسی بە تەواوی پەکدەخات و ڕێگرە لەبەردەم هەر هەنگاوێک بەئاراستەی چارەسەر. 
ئەوان پێیان وایە بەردەوامیی ئەم دۆخە، پێگەی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ لاواز دەکات و دەرفەت بۆ نەیاران دەڕەخسێنێت تا دەستوەردانی زیاتر بکەن. 
لە کۆتاییدا، ئەم ململانێیە بێجگە لە قووڵکردنەوەی بێهیوایی لای هاووڵاتیان و تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، هیچ دەستکەوتێکی سیاسی بۆ لایەنەکان بەدی ناهێنێت.

وتاری نووسەران