
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و سەرتاسەری لە سیستەمی جلی یەکپۆشی ناوەندەکانی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) ڕاگەیاند، کە هەموو قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان دەگرێتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوەی وردی لیژنە پسپۆڕەکان هاتووە. ئامانج لەم هەنگاوە یەکخستنی سیمای قوتابخانەکان، دروستکردنی یەکسانی لەنێوان قوتابیان و ڕێکخستنی زیاتری ژینگەی ناوەندەکانی خوێندنە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ڕەنگەکان بەپێی قۆناغەکانی خوێندن بەم شێوەیە دابەشکراون:
1- باخچەی ساوایان:
کچان و کوڕان: تیشێرتی پرتەقاڵی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.
2- قۆناغی بنەڕەتی (1 تا 6):
کچان و کوڕان: تیشێرتی ماڕۆنی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.
3- قۆناغی بنەڕەتی (7، 8 و 9):
کچان و کوڕان: تیشێرتی نیلی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەساسی.
4- قۆناغی ئامادەیی (10، 11 و 12):
کچان و کوڕان: تیشێرتی ڕەساسی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەش.