جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
هاوڕێیان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و دادپەروەری.
   حزبی شیوعی عێراق و حزبی شیوعی كوردستان له ٣١ی ئازاردا یادی ٩٢ ساڵەی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانیان بەرز ڕادەگرن. 
    لەم يادەدا سەرى ڕێز و نەوازش بؤ شەهيدان و بەرخۆدانى بنەماڵەی شەهیدانی حزب دادەنەوێنين، کە ئازیزترین ڕۆڵەکانیان بەخشیوەتە گەل و نیشتمانەکەیان و بەرزڕاگرتنی ئاڵای سووری حزبەکەیان.
  سڵاوی گەرم بۆ خەباتگێڕانی دێرینی حزبەکەمان لە پێشمەرگە قارەمانەکان و زیندانیانى سياسى و  تێکۆشەرانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی قۆناغە سەختەکانی خەبات دەنێرین.
سڵاو لەو دؤست و لايەنگرانەى حزب کە لە هەموو قؤناغێكدا وبەهەرشێوەیەک لەتوانایاندا بووبێت هاوکارو پشتیوانمان بوون و  بەشيَكى گرنگن لە مێژووى  خەبات و تێكؤشانى حزبمان.  
  حزبی شیوعی عێراق وحزبی شیوعی کوردستان، شانازی بە مێژووی ٩٢ ساڵەی خۆیانەوە دەکەن،کە پێشڕەوی خەباتی نیشتمانی و چینایەتی بوون، لە مانگرتنەکانی کرێکارانەوە بۆ ڕاپەڕینەکانی جوتیاران، لەخەباتی قوتابیان ولاوان و مامۆستایانەوە بۆ داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان و دادپەروەری كؤمەڵايەتى ویەکسانی و مافەکانی مرۆڤ ڕۆڵی پێشڕەوانەیان بینیوە.  لە  تێکۆشانی شەقام ومانگرتن و خۆپیشاندانەوە بۆ خەباتی پێشمەرگانە، لەدژی ڕژێمە دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکانی حوکمڕانی عێراقدا بووە.
  حزبی شیوعی لەداکۆکیکردن لەمافەکانی گەلی کوردو گەیشتن بە مافی چارەى خؤنووسين،لەڕیزی پێشەوەی خەباتگێڕاندا بووە و ڕووبەڕووی عەقڵیەتی شوڤێنی و دەمارگیری نەتەوەیی بووەتەوەو پشتیوانی بەردەوامی مافی پێکهاتە نەتەوەییەکانی عێراق بووە و لەپڕۆگرامی خۆیدا جێگیری کردووەو بۆى تێكۆشاوە ، هەرلەبەر ئەوەش بووە لەڕیزەکانیداو لە تێکۆشاندا  وەک حزبێکی نيشتمانى دەرکەوتووەو لەهەموو پێکهاتە کانی گەلی عێراق وکوردستاندا ئەندام و ڕێکخستنی هەبووە، تا ئەمڕۆ بە وێنەی دار بەڕووەكانى كوردستان  ڕەگ و ڕیشەی بڵاو بۆتەوە ، ئاستەنگ و سەختىيەکانى خەبات و پیلانی نەياران و دوژمنان زۆر بوون ، بەڵام  گيانى بەرخۆدانى  بە بەرزى هێشتۆتەوە . 
   ئەمڕۆ لەکاتێکدا یادی ڕۆژێکی مێژوویی و تەمەنی پڕ تێکۆشانی حزبەکەمان دەکەینەوە، ناوچەکە ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت و ماڵوێرانکەر بووەتەوە، کە ململانێی هەژموون و پاوانخوازی و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە وپێشێلكردنى ياسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەرى ووڵاتانە و ڕێگرە  لە دیاریکردنی چارەنوسی گەلان بە دەستی خۆیان.
لەسایەی شەڕێكى سەپێنراودا ، نیشتمان وگەلەکەمان و گەلانی ناوچەکە و جیهان ڕووبەڕووی کارەساتێكى وێرانكەر دەبنەوە، ولەوباوەڕەداین کە
شەرِ نەبووەتە رِێگايەك بؤ چارەسەرى گرفتەکان و هيَنانەدى دیموکراسی وبەدیهيێنانى مافی گەلان ، بگرە هەژاری و نەخۆشی و ئاوارەیی و گرانی و بێکاری زیاتر پەرە دەسەنێت، هەربۆیە حزبمان هەمیشە دژی شەڕ وەستاوەتەوە و دیالۆگ و ڕێزگرتن لەسەروەری ووڵاتان و پابەند بوون بەیاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی گەلان لەبڕیاردانی چارەنوسیان بەدەستی خۆیان بەبژاردەیەکی ڕاست زانیوەو خەباتی بۆ دەكات .
     حزبمان داواکارە لە دەسەڵاتدارانی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد   وێڕای بارگرژی و ئاڵۆزیەکان ، لە ئاست پێداویستیەکانی هاووڵاتیاندا بن لەدابینکردنی  موچەو ژیانێکی ئارام و خزمەتگوزاریەکان كەمتەرخەم  نەبن و هەوڵەکان فراوانتر بکەن بؤ کارا کردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت كە دواخستنی ، پێشێلكارى  ڕوونی دەستوری و یاساييە . 
  حزبی شیوعی کوردستان ،بانگەوازی هەموو لایەنە سیاسیەکان دەکات کە لە ئاستی ئەم قۆناغە و دۆخە نوێیەدابن و داوا دەكات لە پێناو بەرژەوەندى گشتىيدا جياوازييەكان و بەرژەوەندى بەرتەسكى حزبى بەلاوەبنێن كار بؤ رِێكخستن و يەكخستنى تواناكانى جەماوەرى گەلەکەمان بکەن و بە ڕاوێژ وگوتار بەرنامەى کارى هاوبەش  بۆ دابینکردنی  پێداویستییەکانی ژیان وئارامی  هاوڵاتیان و پاراستنى نیشتمانەکەمان لە مەترسییەکانی جەنگ.
سڵاو لەیادی ٩٢ ساڵەی خەبات و تێکۆشانی حزبی شیوعی عێراق و حزبی شیوعی کوردستان.
سەربەرزی وشکۆمەندی بۆ شەهیدانى حزب و بزوتنەوەى ڕزگارى نيشتمانی .
حزبی شیوعی کوردستان
    کۆمیتەی ناوەندی
   کۆتایی ئازاری ٢٠٢٦

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا