لە بەردەم یادێكی تری ئەنفالدا 

یەكێتی نوسەرانی بواری جینۆسایدی كوردستان ڕێكخراوی قەڵەمبەدەستان و نوسەرانی بواری جینۆساید دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ، كە ماوەیەكی زۆری خایاند لە ڕۆژی 18ی 11ی 2021 كۆنگرەی یەكەمی بەست و دەستەیەك بۆ بەڕێوەبردنی كارەكان هەڵبژێردران ، لەمەودای ئەو مێژوەوە تا كۆنگرەی دوەم لە 2ی 3ی 2024 ئەو دەستەیە هەوڵی زۆری خۆناساندن و بەشداری بۆنەو چالاكی جۆربە جۆرو كتێب  چاپكردنیان داو زۆربەی خەرجی ئەو ماوەیە و دواتریش لە گیرفانی سالار مەحمود دەكرا، بێئەوەی یەك قڕان لە هیچ كەس و لایەنێك وەربگیرێت .

ئەم ڕێكخراوە بۆ كۆكردنەوەی نوسەرانی بواری جینۆساید و توێژەران دروستكراو هەر لە سەرەتاوە زۆرێك لە نوسەرو توێژەر لە دەوری كۆبونەوە ، هەرچەند بە داخی زۆرەوە تا ئێستاش ئاوەزی حزبی و بیركردنەوەی حزبیانە ڕێگرە لە گەشە كردن و خۆخاوەنی هەر ڕێكخراوێك، لە گەڵ ئەوەی كە گیروگرفتیش دەسازێنرا ، بەڵام ڕێكخراوەكە درێژەی بە هەنگاوی خۆی داو لە رێی نووسین و دیداری بەردەوامی ئەندامانیەوە هەوڵی دا شێوازی یاد كردنەوەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی كورد لە شین و فرمێًسكەوە بگۆڕێت بۆ بونیادنانەوەو هەستانەوە ، لە ماوەی ڕابردوشدا بە هەوڵ و هیمەتی ئەندامانی گەرمیان توانرا دوو دیداری ئەدەبی لە سەر ئەنفال لە گەرمیان ڕێكبخرێت و شاعیران و چیرۆكنوسانی كوردستان لەو بۆنەیەدا بەرهەمی خۆیان بخەنە ڕوو، گەرچی نەمانتوانیوە بەرهەمی دوو دیدارەكە چاپ و بڵاو بكەینەوە ، بەڵام ئەوە كارێكی ناوازەی ڕێكخراوەكەیە.

ئەمڕۆ كە لەناو یادو بۆنەیەكی دیكەی ئەنفالداین جێی خۆیەتی لە گەڵ گلەو گازندە لە دەسەڵاتی كوردی كە بایەخێكی ئەو تۆبە پرسی جینۆسایدی گەلی كورد نادات و نایەوێت لەو ڕێگەیەوە بچێتە دیرۆكەوە ئەوەش بێنینەوە یاد كە نەنگیە دوای زیاتر لە سێ‌ دەیە لە ئەنفال بكەرانی ئەو جینۆساید و سڕینەوەیە لە كوردستان داڵدە و پەنا بدرێن و بێ لێپرسینەوە زەمینەی چونە دەرەوەیان بۆ خۆشبكرێت و كەسیش نەبێت بە سزایان بگەیەنێت، ئەوە جگە لە ئازادی و خۆشژیانی بەشی زۆری ئەو موستەشار و جاشانەی دوای داوای دادگای باڵای تاوانەكانیش بۆ ڕادەستكردنیان  هیچیان بەرانبەر نەكراو هەندێكیان لە بری داوای لێبوردن منەت دەكەن و میلەت بە قەرزاری خۆیان دەزانن.

بۆ حكومەتی عێراقیش دەبێت بڵێین زۆر كەمتەرخەمە بەرانبەر پرسی ئەنفال و كیمیا باران و تا ئێستا نەیتوانیوەو نەیویستوە لانی كەمی دادوەری گوێزەرەوە بۆ قوربانیان فەراهەم بكات و قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیان بكاتەوە، نەك هەر ئەوە ئەویش كۆڵەوارو دەستە پاچەیە لە بەرانبەر گرتنی بكەرانی ئەو ستەمەداو نایەوێت تاوانباران دادگایی بكرێن ، ئەوە جگە لەوەی لە ڕێی ماس میدیاوە تا ئێستا بكەرانی ئەو ستەمە وەك پاڵوان و نیشتمانپەروەر نیشاندەدرێن و یاد دەكرێنەوە.

لە دوای كۆنگرەی دوو لە 2ی 3ی 2024 وێڕای دەستتەنگی و نەبوونی هیچ ئیمكانیاتێك هەوڵدراوە چەند كتێبێك چاپبكرێت، هەروەك ئێستاش  لە سەر بەڵێنی دۆستێك بڕیارە لە ئایندەدا چەندین كتێبی تر چاپبكرێت، وەزارەتی شەهیدو ئەنفال كە وەزارەتێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، تەنانەت وەك پێویست بەشداری چالاكی ڕێكخراوەكەیشی نەكردوە و خۆی لێ‌ بە دوور گرتوون، لەم یادەدا وێڕای ڕەخنەمان لەو وەزارەتە و تەواوی حكومەت دەمانەوێت بڵێین فەرامۆشكردنی ئەم پرسە، جۆرێكە لە نائاگایی و هەوڵێكە بۆ لە بیربردنەوە.

درود بۆ گیانی ئەنفالكراوانی كورد نەفرەت لە بكەرانی كوشت و بڕو سڕینەوە

 

یەكێتی نوسەرانی بواری جینۆسایدی كوردستان 

13ی نیسانی 2026

وتاری نووسەران