
بروسکەی سەرەخۆشی لە مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
بۆ بنەماڵەی تێکۆشەر، هاوڕێ نەجمەدین مامۆ
هاوڕێییان ، نەرمین ، مەهاباد ، گۆران ، چالاک، پەروین ، سەلام
هەواڵی کۆچی دوایی دایکتان، هاوڕێی دڵسۆز و تێکۆشەر و خۆڕاگر (خاتوون سەید)، خەمبار و پرسەباری کردین.
هاوڕێ خاتوون جگە لەوەی هاوسەری سەرکردەی حزب (نەجمەدین مامۆ) و دایکی شەهیدی نەمر (فرسەت) بوو، خۆیشی بەدرێژایی تەمەنی ژیانی لە دوای هاوسەرگیری هەمیشە لە کۆڕی تێکۆشاندا بوو لە ڕێکخستن و کۆمەڵەی ئافرەتان و ڕاوەدوونان وزیندانیکردن و ڕوو کردنە شاخ و ئاوارەیی، بەڵام هەرگیز چۆکی دانەدا و تا دوا هەناسە بە وەفاداری بۆ ڕێبازەکەی مایەوە.
پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاراستەی سەرجەم بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان و کەسوکار و تەواوی هاوڕێیان دەکەین.
هاوڕێ خاتوون سەید، نموونەی ژنی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی سەرانسەری قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی حزب و گەل بوو لە پێناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار.
ئێمە لە مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، هیواداریین ئەمە دوا کۆست و ناخۆشی بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان بێت.
یادی هاوڕێ خاتوون سەید، هەمیشە بە زیندوویی لە دڵماندا دەمێنێتەوە.
سەبووری و دڵنەوایی بۆ هەمووان، و یادی هەمیشە بەخێر.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
١٩ی ئایاری ٢٠٢٦
