وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنەوەی ئامادەکارییەکانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگەیاند.

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی، سەرقاڵی داڕشتنەوە و ڕێکخستنی خشتەی نوێی گەشتی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیین.

بە وتەی دیلان ڕەشاد، بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا، هەردوو فڕۆکەخانەکە بە تەواوی ئامادەبن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بەپێی خشتە نوێیەکان.

ئەم جموجۆڵەی وەزارەتی گواستنەوە دوای ئەوە دێت، کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە فەرمی بڕیاری دا ئاسمانی وڵات و هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بکاتەوە، دوای ئەو داخستنەی کە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە هاتبووە ئاراوە.

وتاری نووسەران