
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا ئاگربەستێکی ١٥ ڕۆژی لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیەندراوەو بڕیارە ئەمڕۆ شاندی ئەمریکاو ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆببنەوە، بەڵام ئەو ئاگربەستە هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕانەگرتووە.
هێشتا ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم لەبەردەم هەڕەشەی هێرشە مووشەکی و درۆنیەکاندایە، کە بەشی زۆری ئەم هێرشانە، بە ئاشکرایە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لەناوخۆی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ، شەوی ڕابردوو، لە چەند کات و شوێنێکی جیاوازدا، چەند هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە هێرشەکان تێکشکێندراون و نەیانتوانیوە زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.
ئەم دۆخە نالەبارە نیگەرانییەکی زۆری لای لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاووڵاتییان دروست کردووە، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی هەموو لایەنەکان کردووە بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و جەختی کردۆتەوە کە نابێت چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بکرێنە ئامانجی ململانێ هەرێمییەکان.