
هەولێر – ڕێگای کوردستان ، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦
سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەر بانگهێشتی لایەنە چەپەکانی کوردستان کە پێکهاتبوون لە (حزبی شیوعی، حزبی زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان)، گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئامانجی گردبوونەوەکە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی توند بوو دژی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی عێراق بۆ سەر سەروەری و خاکی هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، سێ داواکاری سەرەکی ئاراستەی ناوەندە بڕیاربەدەستەکان کرا
یەکەم: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا فشارە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەر تاران چڕ بکاتەوە تا کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی بهێنێت.
دووەم: جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە حکومەتی بەغدا بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەڵبگرێت و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵای فەرمی دژی دەستدرێژییەکانی ئێران تۆمار بکات.
سێیەم: داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرا کە بێدەنگ نەبن و بەردەوام بن لە چالاکییە مەدەنییەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان.












