
هیوا عومەر جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، لەنووسینێکیدا، باس لەئەخلاقی شیوعیانە و پەروەردەی مرۆڤ دۆستانەی دیار نەجیب پزیشکی ناسراوی کوردستان دەکات،کەچەند لەخزمەتی تەندروستی و نەخۆش و مرۆڤدا بووە، هەروەها ڕەخنەی چارەسەرنەکردنی کچە پێشمەرگە شەهید غەزەل دەکات لەنەخۆشخانەی بەخشین و وەرگرتنی لەنەخۆشخانەی فاروق بۆ چارەسەر.
دەقی نوسینەکە
دكتۆرە كۆمۆنیستەكە! دەبینیت ئەخلاقی بەشێك لە پزیشك و نەخۆشخانەكانی ئەم شارە بە كوێ گەیشتووە؟
لە هەفتەی ڕابردوودا، هەواڵی كۆچی دوایی دكتۆر دیار هەموومانی تازیەبار كرد. ئەو تەنها نموونەی پزیشكێكی لێهاتوو نەبوو لە ڕووی زانستییەوە، بەڵكو وێنەیەكی باڵای ئەخلاقی پزیشكێكی شیوعی و چەپ بوو. تێهەڵكێشكردنی توانای زانستی لەگەڵ بەها مرۆییەكانی خۆی و بنەماڵەی مودەڕیس، پزیشكێكی لێ دروست كردبوو كە هەزاران نەخۆش و هاوڵاتیی شار بە "دكتۆری هەژاران" ناویان دەبرد.
ناونانی بە "دكتۆری هەژاران"، وەڵامێكی كردەیی بوو بۆ ئەو سیستمە سیاسی و تەندروستییە سەرمایەدارییەی كە نەخۆش وەك سەرچاوەی پارەپەیداكردن و "كاڵا" دەبینێت، نەك مرۆڤ. دكتۆر دیار ڕۆژانە ئەو دیمەنە تاڵانەی دەبینی؛ لای بەشێك لە نەخۆشخانە و پزیشكەكان، زیادبوونی ڕێژەی نەخۆشیی خەڵك، تەنها بە واتای قازانجی زیاتر دەهات و هیچی تر.
چیرۆكی دوێنێی چارەسەرنەكردنی "غەزەل"، ئەو كچە پێشمەرگەیەی كۆمەڵە لە نەخۆشخانەی بەخشین —تەنها لەبەر ئەوەی ناسنامەكەیان زانیوە— و دواتر لە نەخۆشخانەی فاروق وەردەگیریت بەڵام بەهۆی درەنگگەیشتنی گیان لە دەست دەدات.
ڕووداوێكی تێپەڕ و كتوپڕ نییە. ئەمە بەرهەمی ئەو سیستمەیە كە ڕۆژانە مرۆڤایەتی دەكوژێت.
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی هاوڕێیان؛ غەزەل و دكتۆر دیار.