ئەمڕۆ دووشەممە ۲٥ی ئایار، مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، یاداشتنامەیەکی تایبەت لەبارەی ئەو نادادی و ناحەقیەی بەرانبەر بە جووتیارانی کەرکوک دەکرێت، ئاراستەی ئیدارەی شارەکەی کردو تێیدا، چەند داواکاریەکی خستووەتەڕوو کە سەرجەمیان لەبەرژەوەندی جووتیاراندان

ئەمە ناوەڕۆکی یاداشتنامەکەیە

بۆ/ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بۆ/ بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بۆ/ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق

بۆ/ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵی عێراق

بۆ/ بەڕێز وەزیری بازرگانیی عێراق

بۆ/ بەڕێز نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەران

​بابەت / یاداشتنامەی ناڕەزایەتی سەبارەت بەو نادادی و ستەمەی لە جووتیاران دەکرێت

​سڵاو و ڕێز...

​کەرتی کشتوکاڵ بە گشتی و بەرهەمهێنانی ستراتیژیی (گەنم) بە تایبەتی، بڕبڕەی پشتی ئاسایشی خۆراک و ئابووریی نیشتمانییە. جووتیاران وەک بەشێکی سەرەکی و کارا لەم پرۆسە بەرهەمهێنانەدا، هەمیشە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان لە دابینکردنی قوتی هاووڵاتیان بەجێهێناوە. بەڵام بڕیارەکانی ئەمدواییانەی حکومەتی فیدراڵ و بەردەوامیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی زەویوزار، لەبری پاڵپشتیکردنی ئەم توێژە ڕەنجدەرە، بووەتە هۆی بێئومێدی و زیانگەیاندنی گەورە بە بژێوییان.
​ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی تەواومان بۆ داواکارییەکانی جووتیاران، ناڕەزایەتی توندی خۆمان بەرامبەر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەردەبڕین سەبارەت بە کەمکردنەوەی نرخی وەرگرتنی یەک تۆن گەنم لە (٨٥٠) هەزار دینارەوە بۆ (٧٠٠) هەزار دینار لە سەرانسەری عێراقدا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ ڕێژەی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە بازاڕەکانی جیهانیشدا نرخی گەنم بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
​بۆیە داوای پێداچوونەوەی دەستبەجێ بەم بڕیارانە و چارەسەرکردنی کێشە کۆنەکانی جووتیارانی کەرکوک دەکەین لەسەر بنەمای ئەم خاڵانەی خوارەوە:

​یەکەم: داوا دەکەین نرخی وەرگرتنی بەرهەمي گەنم بگەڕێندرێتەوە بۆ نرخی پێشوو کە (٨٥٠) هەزار دینار بوو بۆ هەر تۆنێک، لەگەڵ یەکخستنی نرخەکە بۆ ئەوانەی (ناوەوەی پلان) و (دەرەوەی پلان)ن، بە جۆرێک نرخەکە لەگەڵ تێچووی بەرزی بەرهەمهێناندا بگونجێت و ڕێگری بکرێت لەوەی گورزێکی کوشندە لە ئابووریی خێزانی جوتیاران بدرێت.

​دووەم: پێویستە بارودۆخی ئەو زەوییانە چارەسەر بکرێت کە بڕیارەکانی کوژاندنەوە و تەملیککردن دەیانگرێتەوە لە کەرکوک، بە تایبەت ئەوانەی بەر یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ی ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٢٩)ی ساڵی ٢٠١٢ دەکەون. هەروەها داوا دەکەین جوتیاران لە مەرجی پەیوەندیی یاسایی بەدەر بکرێن بۆ زامنی بەشداربوونیان لە پلانی کشتوکاڵیدا و تەواوی شایستە داراییەکانیان هاوشێوەی کەسانی تر بۆ خەرج بکرێت، بێ ئەوەی ببەسترێتەوە بە ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە کە خۆی لە بنەڕەتدا جێبەجێکردنیان دواکەوتووە.

​سێیەم:پابەندبوون بە خەرجکردنی تەواوی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی جوتیاران بۆ وەرزەکانی کشتوکاڵیی (٢٠٢٤ - ٢٠٢٥) بەبێ هیچ دواخستن و پشگوێخستنێکی زیاتر و بەپێی ئەو کاتانەی کە دیاریکراون.

​چوارەم: جێبەجێکردني یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە شەرعی و ڕەسەنەکانیان بە شێوازێکی دادپەروەرانە و دەستبەجێ بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە مێژووییەکان و ئەو ململانێیانەی کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەشێوێنن.

​پێنجەم: ناچارکردنی هێزە ئەمنییەکان و سوپا بەوەی دەستوەرنەدەنە ناو ململانێی زەوییە کشتوکاڵییەکان کە ئەوە کاری دادگایە و کۆتاییهێنان بە هەموو شێوازەکانی ڕێگری و ئەو ئاستەنگانەی دەخرێنە بەردەم جوتیاران لە کاتی کێڵان و تۆوکردن و دروێنەکردندا.

​شەشەم: ئاڕاستەکردنی فەرمانی توند بۆ سەرجەم بازگە و خاڵە ئەمنییەکان بۆ ئاسانکاریی ڕێکارەکانی گواستنەوەی بەرهەمی جوتیاران بۆ سایلۆکانی ناو شاری کەرکوک، بۆ ئەوەی ڕەنج و ماندووبوونی جوتیاران لەسەر ڕێگاکان بەفیڕۆ نەچێت.

​ئێمە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە وەڵامی فەرمی و ئەرێنیی ئەم یاداشتە و داواکارییەکانمان بدەنەوە لە ماوەیەکدا کە لە یەک حوزەیرانی داهاتوو تێپەڕ نەکات. بە پێچەوانەوە، ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان، و لەگەڵماندا جەماوەري جوتیاران و خێزانەکانیان، پەنا دەبەینە بەر سەرجەم ڕێگا یاسایی، سیاسی، و مەدەنییە دەستەبەرکراوەکان لە دەستووردا، لەوانەش خۆپیشاندان و چالاکییە ناڕەزایەتییەکان، و بەردەوام دەبین لە خەباتی داواکارییمان تا بەدەستهێنانی تەواوی مافە شەرعییەکانی جوتیاران.

​مەڵبەندی کەرکوک
حزبی شیوعی کوردستان

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا