
لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان، ئیدانەی هێرشکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و داواش لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە.
ئەمە ناوەڕۆکی ڕاگەیاندراوەکەیە
بە توندی هێرشەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان (درۆن) کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، مەحکوم دەکەین؛ بە تایبەتی هێرشکردن بۆسەر شوێنی نیشتە جێبونی نێجیڤان بارزانی له لایە ن لایە نه کانی دەرەوەی یاسان ئەنجام دەدرێت. ئەم کردارە پێشێلکردنێکی ئاشکرا و گەورەی سەروەری هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراقە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت.
هەرێمی کوردستان چەندین جار بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە لە ناو ناکۆکی و ملمڵانێ ناوچەییەکاندا لایەنێک نییە. بەڵام، ئەم هێرشە دووبارەبووانە ئەم هەڵوێستە پشتگوێ دەخەن و بە شێوەیەکی ئاشکرا ئاراستەی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم دەبن.
ئەم کردارە بەرزبوونەوەیەکی مەترسیداری توندوتیژییە و کارێکی دوژمنانەی ڕەتکراوە بەرامبەر گەلی کوردستان، کە دەتوانێت کاریگەرییەکی خراپ لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە هەبێت.
داواکارین لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کە هەنگاوە پێویستەکان بگرن بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە هێرشانە و پاراستنی سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێڕینەکانی
حزبی شیوعی کوردستان