
شارەزایەكی كەشناسی رایگەیاند رۆژانی داهاتوو بڕێكی زۆر باران دەبارێت و ئەگەری لافاو لەهەندێك شوێن هەیە و ئەم شەپۆلە لە رۆژانی پێنج شەممە و هەینی چڕ دەبێتەوە.
ئاراز جەبار، شارەزای کەشناسی رایگەیاند "رۆژی هەینی ٢٧-٣ پێشبینی ئەکرێت ناوەندی نزمەپاڵەستۆکە لەکاتەکانی بەیانیەوە بە تێپەرینی کات جوڵە بکات بە سەر ناوچەکانی باشوری کەرکوک و سنوری گەرمیان و باشوری پارێزگای سلێمانیدا، بەڵام لەکاتی ئەم تێپەرینە قوڵی و بەهێزیەکەی کەم ئەبێتەوە و بەر لە گەیشتنی بە سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەکاتەکانی شەودا هێز و وزەکەی لەدەست ئەدات و کۆتایی بە چالاکی و سورانەوەکەی دێت، بۆیە لەرۆژی هەینیدا ئەگەری بارینی بارانێکی زۆر ئەبێت لەسەرتاسەری ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان کە زیاتر بارانێکی بەردەوامە و هەندێک کات بەخوڕ ئەبێت و ئاستی ئاو بەرزەکاتەوە خێرای باکەش لە ناوچەکانی باشوری گەرمیان بەهێز و چالاک ئەبێت".
"بەدرێژای رۆژی هەینی تا کاتەکانی ئێوارە بە خێرای ٢٠ تا ٥٠کم لە کاتژمێرێکدا خێرایی با زیاد دەکات، هەندێک کات توندی باکە ئەگاتە ٦٠ کم لە کاتژمێرێکدا بەڵام بۆ ناوچەکانی باکوری گەرمیان و سنوری سلێمانی و هەڵەبجە خێرای باکە کەمتر ئەبێت لەنێوان ٢٠ تا هەندێ کات ٤٠ کم، پلەکانی گەرماش نزم ئەبنەوە"، ئاراز جەبار وا دەڵێت.
ئەو کەشناسە پێشبینی بارینی بەفریش دەکات و وتویەتی کە "لەناوچە شاخاویە بەرزەکان، لەبەرزی زیاتر لە ١٦٠٠م ئەگەر هەیە بەفر ببارێت، بارانبارینەکە ناوچەکانی دیکەش ئەگرێتەوە بەڵام زۆرترین کاریگەری لەسەر باشوری هەرێم ئەبێت".