شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی دەكات تا ناوەراستی هەفتەی داهاتوو باران بارین بەردەوامی دەبێت.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند” کاریگەریی ئەو هەورە بروسکە و تاوە بارانەی لەسەر ناوچەکانی دهۆک و هەولێر هەبوو بەرەو لاوازبوون دەچێت و کەشوهەوا لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا جێگیر دەبێت بەڵام بۆ ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٦ جارێکی دیکە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە ناجێگیری لە کەشوهەوای ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.”
بەپێی پێشبینییەکان لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین ناوبەناو کەڵەکە هەور و هەورە بروسکە و تاوە باران و تەرزە بە بڕی جیاواز دروست دەبنەوە کە لە هەندێک شوێندا بارانەکان بەخوڕ دەبن و لە هەندێک شوێنی تریش ئەگەری باران نابێت.
لە کاتێکدا لە سنووری کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان کەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرماش گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت و خێرایی باش لە نێوان ٥ بۆ ١٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت.
 ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی مانەوەی بارستە هەوای سارد لە چینە بەرزەکان و بوونی شێدارییەکی زۆر ئەم دۆخی ناجێگیرییە تا ڕۆژی دووشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت و هۆشداریش دەداتە شوانکارەکان و ئەو هاووڵاتیانەی ڕوو لە دەشت و شاخەکان دەکەن کە لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە بەهۆی بەهێزیی هەورە بروسکەکانەوە زۆر ئاگاداری خۆیان بن تا لە مەترسییەکانی گیانلەدەستدان بەدوور بن.

وتاری نووسەران