
شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی دەكات تا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە كەش بەناجێگیری دەمێنێتەوە و لە سبەینێوە پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە.
بەپێی پێشبینیەکانی ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ تا کاتەکانی ئێوارە ئەگەری تاوە باران و هەورە بروسکە لە هەندێک ناوچە هەیە، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاویەکان. بەڵام لە ئێوارەی دووشەممەوە (١٣ی نیسانی ٢٠٢٦) بە گشتی کاریگەری ناجێگیری کەش و بارانبارین کۆتایی پێدێت.
ئاشکراشی دەکات ئەم گۆڕانکاریە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بارانێکی باش و بەرز لە زۆربەی ناوچەکان باریا، بە شێوەیەک کە رێژەی بارانبارین بۆ ئەم کاتەی ساڵ لەسەروو ئاستی نۆرماڵ بووە، و ئەمەش لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کەم وێنە بووە.
ئاراس جەبار دەشڵێت" لە سبەی سێشەممەوە (١٤ی نیسان)، ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆک، کە وای لێدەکات کەش و هەوا جێگیر ببێت و پلەی گەرماش نزیکەی ٣ تا ٤ پلە بەرزببێتەوە. ئەم دۆخە بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو بەتایبەتی لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و زۆرتر ڕۆژی هەینی (١٧ی نیسان)، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی گەرم لە باکووری ئەفریقا، پلەی گەرما بۆ سەروو ئاستی تێکرای بەرزدەبێتەوە. لە ناوچە گەرمەکان وەک گەرمیان و کەرکووک، پلەی گەرما ئەگەر هەیە بگاتە ٣٠ پلەی سەدی، و لە شارەکانی وەک سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بگاتە ٢٥ پلە یان زیاتر. لەو ماوەیەدا، کەش و هەوا بە گشتی ئارام و ساماڵ دەبێت و ئەگەری باران نابێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژی شەممە (١٨ نیسان) جارێکی تر نزمەپاڵەپەستۆکان لە دەریای ناوەراست و دەریای سوور چالاک ببنەوە، کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ناجێگیری. بە پێی ئەم پێشبینیانە، هەورە بروسکە، تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ جارێکی تر دەستپێدەکاتەوە، و ئەگەر هەیە تا کۆتایی مانگیش بەردەوام ببێت.
ئەو کەشناسە راشیگەیاند" بەم شێوەیە، دوای چەند رۆژێک لە ئارامی و گەرمی، ناوچەکە جارێکی تر بەرەو گەڕانەوەی کەشێکی ناجێگیر و بارانبارین دەچێت، کە پێویستە هاوڵاتیان خۆیان بۆ ئەم گۆڕانکاریانە ئامادە بکەن".