​هەولێر -  ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦
سەر لە ئێوارەی ​ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کەشێکی ڕۆشنبیریدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و خەمخۆرانی بواری میدیا و پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی حزبیی، کتێبخانەی حەیدەری لە ماڵی نازەنین حەیدەری، مەراسیمێکی تایبەتی بەبۆنەی ١٢٨ـەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) و ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی ڕێکخست و خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ٢٥ کەناڵ و دامەزراوەی میدیایی کرد لە میانەیان هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان و کەناڵی ئازادی.
لە کاتی پێشکەشکردنی خەڵاتەکاندا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە قسەکانیدا لەبارەی ڕۆڵی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستان وتی: ئۆپۆزسیۆن بوون لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستانەوە دەستیپێکرد.

​لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، ئاماژە بە مێژووی پڕ لە سەروەری ڕۆژنامەگەری کوردی کرا کە لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ـەوە دەستی پێکردووە. کتێبخانەی حەیدەری وەک ناوەندێکی مەعریفی، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم قەڵەمە بوێرەکان و میدیاکاران کرد کە لە پێناو گەیاندنی ڕاستی و ئازادیدا تێدەکۆشن، لە پەیامەکەدا هاتبوو (ڕاستی و ئازادی پێویستیان بە دەنگی ئازاد هەیە).
​ئاسۆ حەیدەری سەرپەرشتیاری کتێبخانە، لە پەیامێکدا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، دەستخۆشی لەو ڕۆژنامەنووسانە کرد کە لە بواری میدیاییدا ماندوونەناسانە کار دەکەن. جەختی لەوەش کردەوە کە ئامادەبوونی نوخبەی ڕۆشنبیر لەم یادەدا مایەی خۆشحاڵی و هاندانە بۆ بەردەوامبوونی کاروانی فەرهەنگی و مەعریفی لە کوردستان.

وتاری نووسەران