
سلێمانی/ ڕێگای کوردستان
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ی نیسان ٢٠٢٦،لە یادی ڕۆژی جیهانیی سەلامەتی و تەندروستی پیشەییدا، کۆمیتەی یەکی ئایار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم پەیکەری سەلامەتی کار لە سلێمانی، تیشکی خستە سەر دۆخی مەترسیداری ژیانی کرێکاران.
کۆمیتەکە ڕایگەیاند کە گیانلەدەستدانی ٦٩ کرێکار لە ساڵی ڕابردوو و ٢٤ کرێکاری دیکە لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ بوونی "کەمتەرخەمیی تاوانکاری" لە شوێنەکانی کاردا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کرایەوە کە نابێت بەرزیی تەلارەکان ببێتە هۆی نزمبوونەوەی شکۆ و ژیانی ئەو کرێکارانەی دروستیان دەکەن. کۆمیتەکە داوای کرد چاودێرییەکی توند بخرێتە سەر پڕۆژەکان و خاوەنکارەکان ناچار بکرێن بە دابینکردنی هەموو کەرەستەکانی پاراستن بەبێ هیچ پاساوێک.
هەروەها جەختیان لە گرنگیی کاراکردنی یاسای بیمە و دابینکردنی قەرەبووی دادپەروەرانە بۆ خێزانی قوربانیان کردەوە، بەو ئامانجەی ژیانی کرێکار لە قازانجی خاوەنکار پیرۆزتر بێت و مەرگی کرێکار نەبێتە هەواڵێکی ئاسایی.
لە کۆتاییدا ئامادەبوان گوڵی وەفایان لەسەر پەیکەری سەلامەتی دانا.




