
رێگای كوردستان
لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەهۆی گرانبوونی نرخی غاز و کەمیی دابینکردنییەوە، قەیرانێکی قووڵ ڕووی لە نانەواخانەکان کردووە و ئەمڕۆ سەرجەم نانەواخانەکان دەرگاکانیان داخست.
خاوەن نانەواخانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی هەر بتڵێک غاز لە بازاڕی ڕەش گەیشتووەتە سەروو ٢٥ هەزار دینار، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەیە و تێچووی زیانەکەی زۆر لە قازانجەکەی زیاترە، بۆیە ناتوانن بەردەوام بن.
خاوەن نانەواخانەکان، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کەمتەرخەم دەزانن لە ئاست چارەسەرنەکردنی ئەم دۆخە. بەپێی زانیارییەکانی Azadi tv، کێشەکە تەنها نانەواخانەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو چێشتخانەکانیشی خستووەتە مەترسیی داخستنەوە.
داخستنی ئەم شوێنانە جگە لە دروستکردنی قەیرانی نان، دەبێتە هۆی بێکاربوونی سەدان کرێکار کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم کارەیە.
لە کاتێکدا حکومەت دەیەوێت لە ڕێگەی کۆبۆنەوە مانگانە تەنها دوو بتڵ غاز بۆ ماڵان دابین بکات، بەڵام هیچ پلانێکی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ نانەواخانە و چێشتخانەکان نییە.
ئەم پشتگوێخستنە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە و مەترسیی پەککەوتنی بازاڕ و قورسترکردنی باری گوزەرانی هاوڵاتیانی لێدەکرێت.