
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، بەبۆنەی "ڕۆژی جیهانیی گفتوگۆی نێوان شارستانییەتەکان"، سیمینارێکی نێودەوڵەتی لە ژێر دروشمی "بەرەو جیهانێكی فرە جەمسەر و داهاتوویەكی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی" بەڕێوەچوو. سیمینارەکە ئامانجی بوو ببێتە سەکۆیەکی دیپلۆماسی و کلتووری بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم لێکتێگەیشتنی گەلان.
لە میانەی پانێڵێکی سیمینارەکەدا، هاورێ ئەبووكاوان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆی شارستانی تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ گەیشتن بە ڕاستی و تێگەیشتن لە خود و ئەوانی تر. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سیستەمی سەرمایەداری، نادادپەروەری، و تەماحی زلهێزەکان بۆ داگیرکاری، گەورەترین بەربەستن لەبەردەم گفتوگۆیەکی سەرکەوتوودا و شەڕەکانی ناوچەکەشی وەک نموونەی ئەو دۆخە هێنایەوە.
ئەم چالاکییە لەلایەن "سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی (GCIC)" بە هاوکاری کونسوڵخانەی گشتی کۆماری میللی چین لە هەولێر ڕێکخرابوو. تێیدا ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و حکومی و ئەکادیمی وەک: دکتۆر کاوە مەحمود، نەبەز مستەفا، سەرکونسوڵی چین، و ئەبو ڕافد جێگری سکرتێری حزبی شیوعی عێراق، تێڕوانینەکانی خۆیان پێشکەش کرد.
سیمینارەکە کۆکەرەوەی بژاردەیەک لە ئەکادیمیستانی زانکۆکانی چین (وەک شەنگەهای و ژێجیانگ) و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان (وەک سەڵاحەدین و سلێمانی) بوو، لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی میسر، ئوردن و لوبنان، کە وەک ناوەندێکی زانستی و دیپلۆماسی بۆ داڕشتنی نەخشەی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی کاریکرد.



















