
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا عێراق بەدەست قەیرانی نەمانی سەروەریی نیشتمانییەوە دەناڵێنێت و کۆنترۆڵی خۆی لە دەستداوە، کەچی ژمارەیەک لەو سەرکردە عێراقییانەی کە لە لیستی ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکادان، لەبری گەڕان بەدوای سەقامگیری، زمانی هەڕەشە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن.
ئەم سەرکردانە کە ڕۆژانە بنکە و بارەگاکانیان لە ئاسمانەوە دەکرێنە ئامانج و چەکدارەکانیان لەدەست دەدەن، لە نوێترین لێدوانیاندا هەرێمی کوردستان بە مۆڵگەی موساد و بەکرێ گیراو تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی داگیرکردنەوەی دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە ووتەی چاودێرانی سیاسی، عێراق لە ئێستادا هیچ سەروەرییەکی ڕاستەقینەی بەسەر زەوی و ئاسمان و ئاوەکانیدا نەماوە و بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
جگە لەوەش دەزگا هەواڵگریەکانی ووڵاتانی ناوچەکەو جیهان، بەردەوام بوونیان لە عێراقدا هەیە و کاری هەواڵگری خۆیان دەکەن.
بە ووتەی چاودێران ، لەبری ئەوەی ئەم لایەنانە لەگەڵ دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەدا خۆیان بگونجێنن و هەوڵی پاراستنی قەوارەی دەوڵەت بدەن، بە کردنەوەی بەرەی نوێی دوژمنکاری بەرامبەر هەرێمی کوردستان، دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبەن. تۆمەتبارکردنی کوردستان بە بوونی بنکەی بیانی تەنها بیانوویەکە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی ناوخۆیی و ئەو هێرشانەی کە ڕووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە.
چاودێران دەڵێن ، مێژووی سیاسیی عێراق بە ڕوونی ئەوەی سەلماندووە کە زمانی هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز بەرامبەر کورد، تەنها زیانی بۆ هەموو لایەک هەبووە و هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکردووە، ئەم سەرکردانە لە کاتێکدا خەونی داگیرکاری دەبینن، کە خۆیان لەژێر چاودێری وردی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێگەی سەربازی و سیاسییان لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەرەو لاوازی دەچێت.