
لە بەیانی ڕۆژی ٢٤ی نیسانى ١٩٧٤ ڕژێمی بەعس لە ڕێگەی چوار فڕۆکەی سیخۆ، بە بۆمبی ناپاڵمی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتى قەڵادزێی بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە ١٦٥ کەس شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش برینداربوون، قوربانیەکان زیاتر قوتابی زانکۆ و ژن و منداڵ بوون. هاوکات چەندین شوێنی گشتیی و نیشتەجێبوون و فەرمانگەی حکومی و نەخۆشخانە و زانکۆ و بازاڕی شارۆچکەکە وێران کران و بە سەدان خێزان ئاوارەبوون و شارەکەیان بەجێهێشت
زانکۆی قەڵادزێ کە ئەو کات زانکۆی سلێمانى بوو بۆ قەڵادزێ گواسترابووەوە، بووە ئامانجی بۆمبی ناپاڵمی بەعس و دەیان قوتابی و مامۆستا شەهید بوون و زانکۆکەکەش بە تەواوی وێرانکرا.
لە ڕۆژی ٢٤ی ساڵی ١٩٨٢ هاوڵاتییان و خوێندکاران و مامۆستایانی شارۆچکەی قەڵادزێ، بەمەبەستى یادکردنەوەى بۆردوومانەکەی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، بەڵام ڕژێمی سەدام حسێن دیسانەوە بە دڕندانەترین شێوە و بە فڕۆکە و تانکی سەربازی هێرشی کردە سەر خۆپیشاندانەکە و دەیان کەسی شەهیدو بریندار کرد.
