
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە دەست بە دابەشکردنی مووچی مانگانەی فەرمانبەرانی عێراق کراوە بۆ پێش جەژن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا لە چاوەڕوانییەکی نادیاردان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی ئەم مانگە، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە، لەگەڵ کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە بەغدا، لێدوانی گەشبینانە دەدەن و ڕایدەگەیەنن کە فالح ساری وەزیری دارایی بڕیاریداوە پێش جەژن پارەی پێویست بۆ مووچە بنێرێت. ئەوان ناڵێن چاوەڕوان دەکرێت بەڵکو دووپاتی دەکەنەوە کە بڕیاریداوە.
هاوکات بەشێک لە میدیاکان لە لێدوان بەناوی وەزیری دارایی نوێی عێراقەوە دەگوازنەوەو دەڵێن وەزیری ووتوویەتی، پرسی داهاتی ناوخۆ نابێتە ڕێگر لەبەردەم خەرج کردنی مووچە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەکانی دیکە دەڵێن فالح ساری هێشتا پابەندە بە مەرجە توندەکانی پێشوو، داهاتی ناوخۆ یەکێکە لە مەرجەکانی ناردنی مووچە.
سەرەڕای ئەمەش، زۆرێک لە بەرپرسان ستایشی وەزیری نوێ دەکەن و پێیان وایە تێڕوانینی بەرانبەر بە مووچەی هەرێم لە گەڵ تەیف سامی جیاوازە.
لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانی بەغدا بکات بۆ پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی بەبۆنەی وەرگرتنی متمانە وەک سەرۆک وەزیران. بەپێی میدیای پارتی، لەم دیدارەدا دۆسیەکانی نەوت، بودجە و مووچە تاوتوێ دەکرێن.
هەرچەندە هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج بەر لەجەژن، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، هەر کاتێک پارەکە لە بەغداوە بگات، ئەمان دابەشی دەکەن.
