
سهروتاری رێگای كوردستان
دوای شەش مانگ لە بنبەستی سیاسی و کێشمەکێشێکی توند لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی تایفەگەری، هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی "چوارچێوەی هەماهەنگی"، دەرەنجام لەسەر کاندیدێکی سازشکار بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕێککەوتن کرا؛ کاندیدێک کە جێگەی پەسەند و ڕەزامەندیی جەمسەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بێت. دوای دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران، قۆناغی تری ململانێکان دەستی پێکرد؛ هێزە سیاسییەکانی خاوەن پێگەی پەرلەمانی کەوتنە کێبڕکێیەکی توند بۆ چنینەوەی زۆرترین دەستکەوت لە پۆستە سیادی، سەرۆکایەتی و وەزارییەکاندا. ئەم چاوچنۆکییە سیاسییە ناکۆکییەکانی گەیاندە لوتکە، بە شێوەیەک کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی پەکخست و بووە هۆی شکستهێنان لە پەسەندکردنی وەزیرەکانی هەشت وەزارەتی گرنگ و سەرەکی لە دەنگدانی متمانەدا.
لەلایەکی ترەوە، بەرنامەی وەزاریی کابینەی نوێ، بە تەواوی خاڵییە لە جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ئەو دۆسیە هەڵپەسێردراوانەی کە لە کابینەکانی پێشووەوە بە میرات ماونەتەوە. ئەم دۆخەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی فرەتەوەرەیی و ململانێی ناوخۆیی حزبە کوردستانییەکانە، کە دابەشبوونیان بەسەر سێ بەرەی ڕکابەردا، ڕێگر بووە لە دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی و پێکهێنانی کوتلەیەکی پەرلەمانیی یەکگرتوو و بەهێز کە بتوانێت داکۆکی لە شایستە دەستوورییەکانی هەرێم بکات.
سەپاندنی چەمکی پشکپشکێنەی نەتەوەیی و تایفی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، لەگەڵ دەستێوەردانی بەردەوامی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەمیشە وەک بەربەستێکی سەرەکی لە بەردەم چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بنەماکانی مافی مرۆڤ، دادپەروەری و ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە ماوەتەوە. هاوکات عێراق لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی سەخت بووەتەوە کە هۆکارەکەی بۆ ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە و پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت دەگەڕێتەوە. ئەم دۆخە داهاتی حکومەتی بۆ کەمتر لە پێنج یەکی قەبارەی جارانی کەمکردووەتەوە، ئەمەش دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ناچار کردووە پەنا بۆ سیاسەتی پاشەکەوت ببات؛ سیاسەتێک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری و بژێویی هاووڵاتیان دروست دەکات و بەهای دیناریش لە بەرامبەر دۆلاردا بە نزمی دەهێڵێتەوە.
ئەم داڕمانە داراییە، لە پاڵ هەژموونی "دەوڵەتی قووڵ" و دەستێوەردانە دەرەکییەکان، ئامژەن بۆ ئەوەی کە ئەم کابینەیەش ناتوانێت لە کەمکردنەوەی ڕۆڵی میلیشیا یاساشکێنەکان، گێڕانەوەی چەک بۆ ژێر ڕکێفی دەوڵەت، چاکسازیی پێکهاتەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە کابینەکانی پێش خۆی سەرکەوتووتر بێت. بەتایبەت کاتێک دەبینین سەرۆکوەزیرانی نوێ، ئەگەرچی کاندیدی گەورەترین هاوپەیمانیی پێکهاتەی شیعەیە، بەڵام فاقدی کوتلەیەکی پەرلەمانیی تایبەت بە خۆیەتی کە لە کاتی تەنگژەکاندا پشتیوانی لێ بکات.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەرکی مێژوویی و نیشتمانیی سەرشانی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەزیرەکان و خاوەن پۆستە سیادی و باڵاکانی هەرێمە لە بەغدا، کە بەرژەوەندییە باڵاکان بخەنە سەرووی ململانێ حزبی و ناوخۆییەکانەوە. پێویستە لەمەودوا بە یەک گوتاری سیاسیی یەکگرتوو و بە کارنامەیەکی کرداریی هاوبەش، ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکان ببنەوە و داکۆکییەکی سەرسەختانە لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
