
ئاژانسی هەواڵیی التوجیه الإعلامي، بڵاویکردەوە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کە وەک باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئێران دەناسرێت، نەخشەڕێگا و ستراتیژییە سیاسییەکانی خۆی بۆ داهاتووی ئێران ئاشکرا کرد.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوەیە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ستراتیژیی نوێی پژاک بریتییە لە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دژی ڕژێمی تاران، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بە ناوی (برایەتی گەلان)، هەروەها ئەم حزبە بە ڕەسمی داوای گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی لە ئێران دەکات بۆ دەوڵەتێکی لامەرکەزی .
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پژاک جەختی لەسەر چەسپاندن و بەهێزکردنی سیستەمی "خۆبەڕێوەبەری" لە (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کردووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە لایەنە کوردییەکان لە هەوڵی یەکخستنی توانا نەتەوەییەکانیاندان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوخۆی ئێران.