
له‌سه‌ر دۆسیه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی، دلشاد شهاب وته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند:
- ماوەیەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەربارەی ڕووداوەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لە لاله‌زارى شاری سلێمانی ڕوویان دا، هەندێک بابەت سەبارەت بە هەڵوێستی جه‌نابى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دادگایی‌کردن و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو تۆمه‌تبار و گیراوانەی لە دەرەنجامی ڕووداوەکان دەستگیر کراون، ورووژێندراون.
- لێرەوە دەمانەوێت بۆ هەموو لايه‌ك ڕوونی بکەینەوە، دوای ئەوەی ئەم بابەتە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسکرا، ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری پرسوڕا و بەدواداچوونی پێویستمان کرد. دیاره که به‌پێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەکەوە بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوه‌رييه و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە.
- ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانه‌وه، دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و فشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێك بە ڕێڕەوی یاسایيی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگایی‌کردن بەڕێوە بچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت.
- هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە ده‌بێ لە كاتى ياساييى خۆي‌دا و بەپێی ڕێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە.
- له کۆتاییدا دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.