بڕیارە سبەی لە شاری هەولێر، بە دەسپێشخەری حزبە چەپەکانی کوردستان، خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەرفراوان دژی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، کە لە ئەنجامیاندا ژمارەیەک پێشمەرگە و هاووڵاتی سڤیڵ و ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید و بریندار بوون.
لەمبارەیەوە، هیوا عومەر، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕێگای کوردستان، جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە هیچ پاساوێکی یاسایی و ئەخلاقییان نییە. ناوبراو داوای کرد تاران ڕێز لە عورفی دراوسێتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت و هێرش و پەلامارو پێشێلکاریەکانی ڕابگرێت. هاوکات، ڕەخنەی توندی لە بێدەنگی حکومەتی عێراق گرت و ڕایگەیاند، نابێت بەغدا تەنها تەماشاکەری مەرگی هاووڵاتیانی بێتاوانی هەرێم بێت و ڕێگری نەکات لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر هەرێم.
هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد فشار بخەنە سەر حکومەتی فیدڕاڵی بۆ سنووردارکردنی گرووپە چەکدارەکان و گەیاندنی ناڕەزایەتی توند بە لایەنی ئێرانی. 
هیوا عومەر ووتیشی، جێگای سەر سوڕمانە لەکاتێکدا ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەیە و لە دانوستاندان، کەچی ئێران بەردەوامە لە پەلاماردانی هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشێک نییەو نەبووە لە شەڕ.
ڕاشیگەیاند، لە پاڵ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق، ئەمریکاش وەک لایەنی سەرەکی لە هەڵگیرساندنی شەڕەکە، بەرپرسە لەو دۆخە مەترسیدارەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە.
لە کۆتاییدا، هیوا عومەر داوای لە سەرجەم هاووڵاتیان کرد بەشدارییەکی کارا و فراوان لە خۆپیشاندانەکەی سبەی بکەن بۆ دەربڕینی هەڵوێست دژی پێشێلکارییەکان.

وتاری نووسەران