
شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگیی (ئەسیکۆدا - ASYCUDA) سەردانی بەغدا دەکات. بڕیارە ئەمشە و بگەن بەغدا و سبەی پێنجشەممە شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ کۆببێتەوە و ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ کاراکردنی ئەم سیستمە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ بکەن.
سامر قاسم، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی بەهێز لە نێوان هەردوولادا کرد و ڕایگەیاند:"لە ئێستادا چوار نووسینگەی گومرگی لە نێوان هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووردا هەن. ئەم ڕێکارانە کاتین و تەنها بۆ پاراستنی دادپەروەری لە نێوان بازرگاناندا دانراون، بەڵام دوای جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، تەواوی ئەم بازگانە هەڵدەگیرێن و دەروازە نافەرمییەکانیش دادەخرێن."
