
ئەمڕۆ دووشەممە، تەرمی دایکی شەهید فرسەت و هاوسەری هاوڕێی سەرکردە نەجمەدین مامۆ، (خاتوون سەیدا حسین) دوای گەڕاندنەوەی لە وڵاتی سویدەوە، لە شاری هەولێر بەخاک سپێردرا.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (٢٥-٥-٢٠٢٦)، کاتژمێر ٩:٠٠ـی بەیانی تەرمی کۆچکردوو، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان، هاوڕێ ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و دۆست و هاوڕێیان، لەپێشوازیدا بوون.
پاشان بەرەو گۆڕستانی گردەڕەشە (سەر ڕێگای هەولێر - کەرکووک) و بردراو لەوێ لە مەراسیمێکی شایستەدا لە تەنیشت گۆڕی شەهید فرسەتی کوڕیدا بە خاک سپێردرا.
هاوڕێ ئەبوکاروان لە وتارێکدا، باسی لە ڕۆڵی هاوڕێ خاتوون و خانەوادە شیوعییە تێکۆشەرکەی کرد و ئاماژەی بەوەدا: دایە خاتوون هەر هاوسەری هاوڕێی سەرکردە نەجمەدین مامۆ و دایکی شەهیدی حزب و گەل هاوڕێ فرسەت نەبوو، بەڵکوو خۆشی ئەندامێکی دڵسۆزی حزب و کۆمەڵەی ئافرەتان بوو، لە کاری ڕێکخستندا ئازا و چالاک بوو، بەرگەی هەموو سەختییەکانی تێکۆشانی گرت و هەتا سەر وەفادار و پابەندی بیروباوەڕە بەرزەکەی بوو و بەڕێزەوە یادی بەرزڕادەگرین.
پاشان وتاری خانەوادە لەلایەن هاوڕێ نەرمین نەجمەدین مامۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان پێشکەشکراو سوپاسی ئامادەبووانی کرد بۆ بەشداری لە مەراسیمی پێشوازی و بە خاک سپاردنی دایکیان و بە دایکی هەموو هاوڕێییانی ناوبرد.
شایانی باسە هاوڕێ خاتوون سەیدا حسین لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و لە وڵاتی سوید، بەهۆی نەخۆشییەکی سەخت کۆچی دوایی کرد.





