لە شاری کەلار، یەکێتیی نووسەرانی بواری جینۆسایدی کوردستان کۆڕێکی مەعریفی و سیاسی بە ناونیشانی (ناسیۆنالیزمی توندڕەو و سڕینەوەی ئەویتر لە فیکری بەعسدا) بۆ نووسەر و لێکۆڵەری بواری ئەنفال و جینۆساید، هۆشیاری عەبدولعەزیز، ڕێکخست.
کۆڕەکە ئه‌مڕۆ ڕۆژی سێشەممە (٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦) لە هۆڵی کتێبخانەی گشتیی کەلار، بە ئامادەبوونی هاوڕێ پێشڕەو سکرتێری مەڵبەند و هاوڕێ عەدنان ساڵەح جێگری سکرتێری مەڵبەندی گەرمیانی حزبی شیوعیی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەڵبەند و کۆمەڵێک لە نووسەران، ڕۆشنبیران و چالاکوانانی بواری جینۆساید بەڕێوەچوو.
لێکۆڵەر هۆشیاری عەبدولعەزیز، لە میانەی پێشکەشکردنەکەیدا تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی جەوهەری، لەوانە چەمکی ناسیۆنالیزمی توندڕەو و چۆنیەتی گۆڕانی بۆ ئایدۆلۆژیایەکی بکوژ. هەروەها شیکردنەوەی بۆ فیکری بەعس و ئەو ڕەهەندە فەلسەفییانە کرد کە پاساویان بۆ پرۆسەکانی سڕینەوە و جینۆساید دەهێنایەوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، کاریگەرییەکانی ئەو فیکرەی خستە ڕوو کە بووە هۆی تێکدانی بنەماکانی پێکەوەژیان و ئەنجامدانی تاوانە گەورەکان دژ بە گەلی کورد.
کۆڕەکە بەشدارییەکی کارای ئامادەبووانی بەخۆوە بینی؛ لە ڕێگەی سەرنج و پرسیارەکانیانەوە بابەتەکە دەوڵەمەندتر کرا و جەخت لە گرنگیی بەدۆکۆمێنتکردنی ئەم لایەنە فیکرییانە کرایەوە بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لە مێژووی جینۆساید لە کوردستان.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا، لەلایەن یەکێتیی نووسەرانی بواری جینۆسایدەوە، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە نووسەر (هۆشیاری عەبدولعەزیز)، وەک وەفایەک بۆ هەوڵ و ماندووبوونە بەردەوامەکانی لە لێکۆڵینەوەکانیدا.

وتاری نووسەران