
رێگای کوردستان
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەیەکی فەرمیی دەرکردووە کە ژمارەیەک ڕێنماییای تیایدا بۆ گشت ئەفسەر و پێشمەرگەکان دیاریکراوە، بە تایبەتی پەیوەندیدار بە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
بەپێی ئەم بڵاوکراوەیە، هەفت خاڵی سەرەکی دیاریکراوە:
بۆ گشت ئەفسەر و پێشمەرگەکان:
١. جەخت دەکەینەوە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نیە راگەیاندنەکان بێنە ناو بارەگاو شوێنە سەربازییەكانتان، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە كەناڵ و میدیاكان دەكەین خۆیان بە دوور بگرن لە گرتنی وێنەو ڤیدیۆی بارەگا سەربازییەكان.
٢. لێدوان و پێدانی زانیاری بە ڕاگەیاندنەکان لە لایەن فەرماندەو ئەفسەران و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٣. بە هەموو شێوەیەک بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاری تایبەت بە سەنگەر و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پۆستکردنیان قەدەغەیە.
٤. بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیاری، تکایە هەر پەیج و ئەکاونتێک دەبینن کە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو دەکاتەوە، لینکی پەیجەکەمان بۆ بنێرن تاوەکو لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.
٥. هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ڕێنماییەکان بکات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە و لەمبارەیەوە چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەکرێت.
٦. پێویستە ئەفسەرانی راگەیاندن و هۆشیاری لە یەكە سەربازییەكان، ئۆپەراسیۆنەکان، هەواڵگری، چاودێری وردی تەواوی جموجوڵەکانی پێشمەرگە و ئەفسەران بکەن و هەروەها ئەو ڕێنماییانە پەخش بکەن.
٧. ئێمەش لە بەرێوەبەڕایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتێمانی چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەكەین بۆ هەر سەرپێچییەك لەم خاڵانە و وەرگرتنی رێكاری سەربازی و یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرووی خۆمان.