
ئەمڕۆ (٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦)، لایەنەکانی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوچەکە، قەیرانە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکانی شەڕی (ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران) تاوتوێ کران.
کۆبوونەوەکە هەڵوەستەی لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە کرد:
١ـ دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە:
جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، سەرجەم بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی نیشتمانیی پێشێل کردووە. وێڕای بێلایەنیی هەرێمی کوردستان، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیا جیاوازەکانەوە لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێم. کۆبوونەوەکە هێرش و پەلامارە بێپاساوەکانی سەر هەرێم و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی بە ناڕەوا زانی و سەرکۆنەی کرد، کە بووەتە هۆی زیانی گیانی و ماددی، هەروەها شەهید و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی.
٢ـ دۆخی بژێوی و ئابووری:
هەڵوەستە لەسەر گرانیی بازاڕ، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان کرا. ئەم بارگرانییە لە کاتێكدا کەوتووەتە سەر شانی خەڵک کە مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا نادرێت، بۆ ئەمەش هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانین.
٣. ململانێی سیاسیی ناوخۆیی:
ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی بووەتە ڕێگر لە بەردەم کۆدەنگیی سیاسی، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت. ئەم ململانێیە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تەسک و تایبەتیی حزبییە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاستی عێراقیش هەبووە (وەک لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پارێزگاری کەرکووکدا بینرا)، کە بەبێ کۆدەنگیی کورد یەکلایی کرانەوە. ئەمەش ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم و دروستکردنی تێگەیشتنێکی نیشتمانیی لە هەمبەر بەغدا، قورستر کردووە.
لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەینەوە:
∎ سەرکۆنەکردنی جەنگ: ئیدانەی ئەم جەنگە دەکەین کە قەیرانێکی گشتگیری سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هێناوەتە ئاراوە. جەنگ تەنیا لە بەرژەوەندیی زلهێزەکان و مانەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندایە، کە تێیدا هاووڵاتییانی بێتاوان باجەکەی دەدەن.
∎ یەکخستنی گوتاری سیاسی: پێویستە گوتاری سیاسیی کوردستان یەک بخرێت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لە هەڕەشەکان، ئەمەش بەبێ گۆڕانکاریی هەمەلایەنە لە ئاستی ناوخۆدا نایەتە دی.
∎ کاراکردنەوەی دامەزراوەکان: پێویستە بەپەلە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێکبهێنرێت.
∎ چارەسەری کێشەکان: لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی، هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتە دەروازەیەک بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکان.
∎ دیالۆگ لەگەڵ بەغدا: ڕێککەوتن بۆ گەڵاڵەکردنی دیدێکی هاوبەشی نیشتمانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک بۆ بەهێزترکردنی کارەکانی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان پەسەند کران.
لایەنە بەشداربووەکان:
١- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
٢- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.
٣- حزبی شیوعیی کوردستان - عێراق.
(٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦)
