
سلێمانی/ دلێر عەلی
ئەمڕۆ سێشەممە، مەڵبەندی سلێمانیی حزبی شیوعی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی خاتوو (ئیلهام ئەحمەد)، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
نوێنەرانی خاتوو ئیلهام بە چەپکەگوڵی ڕێزەوە هاتبوون، وەک گوزارشتێکی فەرمی، بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خاتوو ئیلهام ئەحمەد بەرامبەر بەو ڕێزلێنانەی کە حزبی شیوعی لە مەراسیمی ڕۆژی جیهانیی ژناندا (٨ی مارس) پێشکەشی کردبوو. لەو مەراسیمەدا، حزبی شیوعی"قەڵغانی ڕێزلێنان"ی بەخشییە هەشت ژنی تێکۆشەری کورد، کە خاتوو ئیلهام، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا یەکێک بوو لەو ئافرەتانەی کە مەڵبەندی سلێمانی قەڵغانی ڕێزلێنانیان لێنرا.
لە دیدارەکەدا، هاوڕێ (فاخیر شەهید زاهیر)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، لەگەڵ هاوڕێیانی ئەندامانی مەڵبەند، پەیامی سوپاسگوزاریی خاتوو ئیلهام ئەحمەدیان وەرگرت. شاندەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم جۆرە هەنگاوانە دەبنە مایەی بەهێزبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە دیموکراتخوازەکاندا.
