
ڕائد فەهمی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، لە لێدوانێکی نوێدا نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر دۆخی ئێستای وڵات نیشان دا و ڕایگەیاند کە بارودۆخی عێراق شێواو و پڕ لە پشێوییە.
فەهمی ئاماژەی بەوە کرد کە خاک و دامەزراوەکانی عێراق بوونەتە ئامانجی بۆردومانی لایەنە جیاوازەکانی شەڕ، نەک تەنها لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە، بەڵکو تەنانەت لەلایەن هەندێک لایەنی ناوخۆیی عێراقیشەوە، ئەمەش وایکردووە سەروەری وڵات لەوپەڕی لاوازیدا بێت.
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، هۆکاری سەرەکی ئەم بێسەروبەرییە و پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی بۆ سیستەمی حوکمڕانی ئێستای وڵات دەگەڕێنێتەوە. بە بڕوای ئەو، ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای پەراوێزخستنی شوناسی نیشتمانی بونیاد نراوە و بووەتە هۆی دابەشبوونی دەوڵەت و کۆمەڵگە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕائد فەهمی جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە لە حوکمڕانی نەک هەر نەیانتوانیوە سەقامگیری دابین بکەن، بەڵکو بوونەتە چەترێک بۆ پاراستن و برەودان بە گەندەڵی لە وڵاتدا.