هەواڵێك لەنێو شیعەكان دزەیان  کردووە کە لە ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا ئیرادەیەکی بەهێز بۆ گۆڕینی کاندیدی سەرۆک وەزیران و دوورخستنەوەی نوری مالیکی لەو پۆستە دروست بووە، بە جۆرێک زۆربەی هێزەکانی ناو چوارچێوەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ڕێکارەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی کەسایەتییەکی نوێ خێراتر بکرێن.
سەعد ئەلسەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی گرووپی "عەسائیبی ئەهلی هەق" ڕایگەیاند'' قەیس خەزعەلی جموجۆڵی سیاسیی چڕی دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکرێتەوە.''
بەوتەی ئەلسەعدی، لە کۆی ١٢ هێزی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، ٩ هێزیان کۆکن لەسەر ئەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران گونجاو نییە، هاوکات محەمەد شیاع سوودانی و قاسم ئەعرەجی یان باسم بەدری وەک بەهێزترین کاندیدەکان دەبینرێن.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "شەفەق نیوز" بڵاوی کردووەتەوە کە شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بچووککراوە لە ماڵی نوری مالیکی بەڕێوەچووە، کە تێیدا مالیکی پێشنیاری کردووە "عەلی شوکری"، وەزیری پێشووی سەر بە ڕەوتی سەدری، بکرێتە کاندیدی سەرۆک وەزیران.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەم ناوە زیاد بکرێتە لیستی کاندیدەکانەوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر سەرجەم کاندیدەکان لە کۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بدرێت. 
سیاسەتمەدارانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر لە کۆبوونەوەی داهاتوودا نەگەیشتنە ڕێککەوتنێکی کۆدەنگ، ئەوا بەپێی زۆرینەی دەنگ کاندیدی داهاتوو یەکلایی دەکەنەوە بۆ ئەوەی چیتر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوا نەکەوێت.

وتاری نووسەران