
بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئیسرائیل بۆ ڕۆژنامەی (مەعاریڤ) وردەکاریی نوێ و وردی لەبارەی پرۆسەی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئاشکرا کرد. بەپێی قسەی ئەو ئەفسەرە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لەکاتی پرۆسەکەدا ٨٣ بۆمبیان بەکارهێناوە، کە هەمان ئەو ژمارەیە بووە دواتر دژی جێگرەوە چاوەڕوانکراوەکەشی بەکارهاتووە.
ئەو ئەفسەرە ئیسرائیلییە ووتی، لەو ڕۆژەدا نەسروڵڵا چەندین شوێنی زیاتر قەڵاکراوی لەبەردەستدا بوو کە دەیتوانی بۆیان بڕوات، بەڵام ئەو پەناگەیەی هەڵبژارد کە ئێمە تێیدا کوشتمان، پەناگەیەکی زۆر قوڵی ژێر زەوی بوو کە دەکەوتە ژێر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی چەند نهۆمییەوە.
هەروەها ووتی، هێرشەکە چەند چرکەیەکی خایاند، فڕۆکەکان بە ئامانجی کڵپە پێکردن و زیندەبەچاڵکردنی ئەوانەی لەناو پەناگەکەدا بوون و ڕێگریکردن لە دەرچوونیان، مووشەکیان ئاراستە کرد.
ڕوونیشیکردەوە، پێش پرۆسەکە لە فەرماندەی یەکەی فریاکەوتنی سەر بە بەرەی ناوخۆم پرسی، چەند کاتی پێویستە بۆ گەیشتن بە شوێنێکی وێرانکراوی لەو شێوەیە؟ وەڵامی دایەوە، شەش کاتژمێر. تێگەیشتم کە لوبنانییەکان کەمتر ڕێکخراون، بۆیە ویستم بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر ڕێگری لە هەر هەوڵێکی فریاکەوتن بکەم. دەمانویست دڵنیا بین کە نەسروڵڵا دەمرێت، جا یان بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، یان بەهۆی خوێنبەربوون، یان خنکان بەهۆی کەمیی ئۆکسجین. ئاماژە بەوەش دەکات کە سوپا تەنها پەناگەکەی نەکردە ئامانج، بەڵکو باڵەخانە نیشتەجێبووەکەی سەریشی وێران کرد.
زیاتر ووتی، دوای لێدانەکە بینیمان ماتۆڕسکیلێک گەیشتە شوێنەکە، چەند کەسێک هەوڵیاندا لە ڕێگەی کونێکی نزیکەوە بچنە ژوورەوە، دواتر بلدۆزەرێکیان هێنا بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی گیریان خواردبوو، ئێمەش هێرشمان کردە سەری. دواتر بلدۆزەری دووەم هات و ئەوەشمان کردە ئامانج، بەڵام سێیەم هەر نەگەیشت.
