
لە لێدوانێكی وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە وڵاتە ئیسلامیەكان دەكات هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر هێرشەكانی ئەمەریكاو ئیسرائیل و دەشڵێت هەندێ لەو وڵاتانە رێگەیان داوە لەو خاكی وانەوە هێرش بكرێتە سەرمان.
عەباس عێراقچی رایگەیاند "راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن هەندێک وڵاتی دراوسێ، کە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و رێگا بە هێرشکردنە سەر ئێران دەدەن، بە شێوەیەکی چالاک هانی ئەم کۆمەڵکوژییە دەدەن، پێویستە ئەو وڵاتانە بە زووترین کات هەڵوێستەکانیان روون بکەنەوە".
وەزیرەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ئاماری کوژراوەکان وتویەتی " لەو بۆردوومانانەی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دەکرێنە سەر ئێران، سەدان هاووڵاتیی مەدەنیی ئێرانی کوژراون، کە زیاتر لە ٢٠٠ منداڵیان لەناودایە".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و یەکێک لەو ناوچانەی بوەتە ئامانج هەرێمی کوردستانە.