
ڕۆژنامەی (طريق الشعب) زمانحاڵی حزبی شیوعی عێراق، ووتارێکی، لە ژێر ناونیشانی (چاوێک لە سەر ڕووداوەکان: با ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە )،
وەزیری دەرەوە ئاشکرای کرد کە حکوومەت بڕی ۲٥ تریلیۆن دیناری چاپ کردووە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران؛ ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، لەپاڵ فرۆشتنی سندات و پشت بەستن بە قەرزی ناوخۆیی و یەدەگی نەختینەیی، هاوکات لەگەڵ داواکردنی هاوکاری دارایی لە وڵاتانی کەنداو و فرۆشتنی موڵکی دەوڵەت.
ئەم هەواڵە، ناچارمان دەکات ڕووداوەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و ئەو تاڵییانەی گەل چەشتیان، بیر بهێنینەوە. شەقامی عێراقی بە توڕەییەوە ئەم بڕیارە ڕەت دەکاتەوە و بە هەنگاوێک بۆ هەڵاوسانی زیاتری ئابووری و دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتییان دەزانێت. خەڵک داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن لەبری بەکارهێنانی ئەو سیاسەتە شکستخواردووانەی بارگرانییەکەی دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان، دەست بە چاکسازییەکی ئابووریی ڕاستەقینە بکەن و چارەسەری بنەڕەتی بۆ قەیرانەکان بدۆزنەوە. مێژوو وانەیەکی تاڵە و نابێت ڕێگە بدرێت هەڵە کۆنەکان دووبارە ببنەوە.
